یەکێتی لەبەر دڵی تورکیا خۆی لە پەکەکە بێبەری دەکات

 یەکێتی لەبەر دڵی تورکیا خۆی لە پەکەکە بێبەری دەکات
پاش ئەوەی وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاشکرای کرد کە ئەوان زانیارییان لەبارەی ئەوەوە هەیە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یارمەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەدات، یەکێتی لەپێناو ڕازیکردنی تورکیا، خۆی لە پەکەکە بێبەری دەکات و گلەییش لە تورکیا دەکات کە ”یەکێتی بە یارمەتیدانی پەکەکە تۆمەتبار دەکەن“.

هەرچەندە لە ماوەی ڕابردوودا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و میدیاکانی، بە شێوەی ئاشکرا و وەک شانازیکردنێکیش، باسیان لە هاریکاریکردنی پەکەکە کردووە، بەڵام دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، مەولوود چاویشئۆغڵوو ئاشکرای کرد کە زانیارییان لەسەر یارمەتیدانی پەکەکە لەلایەن یەکێتی هەیە، بەرپرسانی ئەو حزبە لە چەند بۆنەیەکی جیادا نکۆڵییان کرد و خۆیان لە پەکەکە بێبەری کرد.

لە دوایین هەڵوێستدا، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 6/6/2018، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی فەرمیی یەکێتی، لە میانی پێشوازیکردنی لە ھاکان قەرەچای، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان، جگە لە بێبەری کردنی یەکێتی لە پەکەکە، سەرسوڕمانی و نیگەرانی (ی ن ک)ی نیشان داوە، بەرامبەر بە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا ”کە یەکێتی تۆمەتبار دەکات بە یارمەتیدانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پ.ک.ک)“.

لەمبارەیەوە سۆران سێوکانی، چاودێری سیاسی و شارەزا لە بواری ئیسلامی سیاسی، ڕايگەیاند: "یەکێتی فرەجەمسەر و فرە ئاغایە، لەگەڵ ئەوەشدا باڵێکی یەکێتی بەتەواوی لەژێر ھەژموونی ئێراندایە و ناچارە لە ھەموو حاڵەتێکدا پەیڕەوی فەرمانەکانی ئێران بکات، ئەوەش ئاشکرایە کە سیاسەتی پەکەکە تا ئێستا لەگەڵ سیاسەتی ئێراندا ھەماھەنگییەکی زۆری ھەیە".

ئەو چاودێرە سیاسییە دەشڵێت: "بەھۆی شەڕی ڕۆژئاوا و ڕۆڵی ڕاگەیاندنی یەکێتی لە گەورەکردنی پەکەکە و بە پاڵەوان پیشاندانی، یەکێتی ناچار بووە کە سواری شەپۆلێک بێ بۆ بەھێزکردنی پێگەی خۆی، بەڵام یەکێتی ھەمیشە ھەوڵی بەکار ھێنانی پەکەکەی لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان داوە نەک دژی تورکیا“.

دووپاتیشی کردەوە کە باڵێکی یەکێتی ھەمیشە ھەوڵی داوە، ”لەسەر ئەو پەتە یاری بکات“، بەڵام دواجار بەسەر خۆیدا دەشکێتەوە ئەوەش بەرئەنجامی کورتبینیی سیاسیی ھەندێک لایەن".









باسنيوز
Top