کاتی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دیاریکرا
بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە دوای جەژنی ڕەمەزان،دەست دەکرێت بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران.
نەوزاد ئەدهەم،بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی بازرگانی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە ئاگادارکراوینەتەوە کە دوای جەژنی ڕەمەزان دەرگای سایلۆکان بە ڕووی جووتیاراندا دەکرێنەوەو بەرهەی گەنمیان لێوەدەگیردرێت".
گوتیشی: "بۆ ئەمساڵ سایلۆی هەولێر 100 هەزار تۆن و سنووری سلێمانی 115 هەزار تۆن و دهۆک 38 هەزا تۆن و مەخموور 128 هەزار تۆن وەردەگرێت".
سهبارهت به نرخی وەرگرتن،نەوزد ئەدهەم ئاشکرای کرد یەک تۆن گەنمی پلەیەک بە 560 هەزار دینار و پلە دوو بە 480 هەزار دینارو پلە سێ بە 420 هەزار دینار وەردەگیردرێت.
ڕونیشیکردەوە بەهۆی ئـەوەی پاڵپشتی جووتیاران کەمبوەتەوە بۆیە ئەمساڵیش بەرهەمی جۆی جووتیاران وەرناگیرێت.
باسنیوز
