نێچیرڤان بارزانی: نابێ ڕۆتین له فه‌رمانگاكان بمێنێت
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٦/٦/٢٠١٨، لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕوانامەی نێودەوڵەتیی (ئایزۆ) بەخشرایە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان. لەو ڕێوره‌سمه‌دا کە ژمارەیەک لە دیپلۆمات و نوێنەری وڵاتان و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی ڕێكخراوى ئایزۆ ئامادەى بوون، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد.
لە وتارەکەیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی لە بڕوانامەی نێودەوڵەتیی ئایزۆ کرد کە ده‌به‌خشرێته ئه‌و ڕێكخراوه حكوومى و ناحكوومیانه‌ى به‌پێى ستانداردى جیهانیى سیستمى به‌ڕێوه‌بردنى جۆرى، كاره‌كانیان به‌ڕێوه ده‌به‌ن، بە جۆرێک هاووڵاتى سوودمه‌ندى یه‌كه‌مه و هه‌موو كار و مامه‌ڵه‌كانى له فه‌رمانگه‌کان به شێوه‌یه‌كى ئاسانتر و به ماوه‌یه‌كى كه‌متر به‌ڕێوه ده‌چن. هەر بۆیە وێڕای خۆشحاڵیی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بە بەخشینی ئەو بڕوانامەیە بە وەزارەتی ناوخۆ، سەرەڕای قەیران و سەختییەکان، هەنگاوەکەی بۆ جددیبوونی ئیرادەی حکوومەتی هەرێم لە ئەنجامدانی چاکسازیی کارگێڕی و به‌ره‌وپێشبردنى سیستمى به‌ڕێوه‌بردنى كار گەڕاندەوە کە تیایدا بە كوالیتییەکی به‌رزتر و به تێچوویه‌كى كه‌متر، خزمەتگوزاری پێشکەش به هاووڵاتیان دەکرێت.
لەوڕووەوە دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ کرد کە توانییان ئەو سیستمە بە سەرکەوتوویی لە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى هاتووچۆى دهۆك جێبەجێ بکەن و دوای چەسپاندنی ئەو سیستمە لە دیوانی وەزارەت، لە داهاتوویەکی نزیکدا هەردوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى هاتووچۆى هه‌ولێر و سلێمانیش بگرێتەوە. هەروەها پەیڕەوکردنی ئەو سیستمە لە فەرمانگەکانی وەزارەتی ناوخۆی بە ڕێخۆشکەر و هاندەرێکی گەورە دانا بۆ ئەوەی سیستمه‌كه هەنگاو بە هەنگاو لە سەرجەم فەرمانگە و دامه‌زراوه حكوومى و ناحكوومییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان جێبەجێ بکرێت.
سەرۆکوەزیران هەوڵدانی بەردەوامی حکوومەتی دووپات کردەوە لەپێناو دامەزراندنی ژێرخانێكى ئه‌لكترۆنیى پێشكه‌وتووى تۆكمه کە تیایدا بەکارهێنانی نوێترین ته‌كنه‌لۆژیا، ببێتە هۆکاری ڕاپه‌ڕاندنى ئاسانتر و باشترى كاره‌كان و پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارییه‌كان به هاووڵاتیان و هەوڵدانی جددی بۆ نەهێشتنی ڕۆتین و ڕاییکردنی ئاسانی مامەڵەی هاووڵاتیان لە تەواوی ناوچەکانی کوردستانی بە ئامانجی سەرەکیی حکوومەت و سەرجەم وەزارەتەکان دانا لەپێناو چاکسازی لە سیستمی کارگێڕی لە فەرمانگە حکوومییەکاندا.
لەو بارەیەوە سەرەڕای شەڕی داعش و قەیرانی دارایی، ئیرادەی جددیی حکوومەت بۆ چاکسازیی کارگێڕیی دووپات کردەوە و جێبەجێکردنی سیستمەکەى لە ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار له ٢٠١٤ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى هاتووچۆى دهۆكی له ٢٠١٥ بە نموونەیەکی زیندووی ئەو ئیرادەیە دانا بۆ پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزاریی زیاتر بە هاووڵاتیان و جەختی لەسەر پێویستیی هەڵوەستە لەسەرکردنی وەزارەت و فەرمانگە حکوومییەکان لەسەر ئەو پرسە کردەوە کە دەبێ مامەڵەی ڕۆژانەی هاووڵاتیان بە ئاسانی ڕایی بکرێت و کەمترین تێچوو و به‌دواداچوونی تێدا بێت.
بەڕێزیان گرنگیی ڕەزامەندیی هاووڵاتیان لە ڕاییکردنی ئاسانی مامەڵەکانیانی دووپات کردەوە کە دەبێ لە فەرمانگە حکوومییەکاندا لەلایەن فەرمانبەرانەوە بە كولتوورێكى به‌رزى مامه‌ڵه‌كردن هه‌ڵسوكه‌وتیان لەگەڵدا بکرێت، بەتایبەتی لە فڕۆکەخانەکان و دەروازە نێودەوڵەتییەکان و بە ڕوویەکی خۆشەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە بکەن کە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن.
بەڕێزیان پێ‌داگر بوو لەسەر کۆتاییهێنان بە ڕۆتینی بێزارکەر لە فەرمانگەکان کە به‌ڕێوه‌بردنى كار و ڕاییكردنى مامه‌ڵه‌كان بە سەختی بەڕێوە دەچن. لەو سۆنگەیەوە بە هاوکاریی پەرلەمانی کوردستان جەختی لەسەر پێویستیی پێداچوونەوە و چارەسەرکردنی ئەو یاسا و ڕێنماییانە کردەوە کە بوونەتە هۆکاری ڕۆتین و سوود لە پێشكه‌وتنى ته‌كنه‌لۆژى و ئه‌لیكترۆنى وەربگیرێت لە جێبه‌جێكردنى یاساكان و په‌یره‌وكردنى ڕێنماییه‌كاندا.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانى بەردەوامیدان بە پڕۆژەی حکوومەتی ئەلیکترۆنی بە ژێرخانێكى ئه‌لیكترۆنیى تۆكمه‌وە هاوشێوەی سستمى كارگێڕیى وڵاتانى جیهانى پێشكه‌وتووی بە ئامانجی حکوومەتی هەرێم دانا، بە جۆرێک کە زۆربه‌ى مامه‌ڵه و كارى هاووڵاتى به شێوه‌یه‌كى ئۆنلاین له ماڵه‌وه له‌سه‌ر کۆمپیوتەر به‌ڕێوه بچن، بەوەش حکوومەتی ئەلیکترۆنی دەبێتە جێی بڕوا و متمانەی دامه‌رزاوه‌یه‌كى وه‌ك ڕێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى بۆ پێوانه‌یى "ئایزۆ" هەروەها ڕەزامەندی و خۆشحاڵیی هاووڵاتیان لە ڕاییکردنی کار و مامەڵەکانیان بە ئاسانی و بەبێ ڕۆتینی کارگێڕی.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وێڕای ئاماژە بە هەوڵدانی بەردەوامی حکوومەت بۆ گەیاندنی سەرجەم فەرمانگەکان بەو ئاستەی کە بتوانن ئه‌و بڕوانامه‌یه به‌ده‌ست بهێنن، چاكسازییه هه‌مه‌لایه‌نه‌کانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دووپات کردەوە و لەو ڕووەوە هێنانی کۆمپانیای نێوده‌وڵه‌تیى دیلۆیت بۆ وردبینی لە بواری وزە و ئەنجامدانی چاکسازی لە بوارى كارگێڕی و كارى بانكی بە هاوکاریی بانكى نێوده‌وڵه‌تیی بە نموونە هێنایەوە و بەردەوامبوون لە چاکسازی لە سەرجەم بوارەکانی دیکەی دووپات کردەوە.
بەڕێزیان لە بەردەوامیی وتارەکەیدا باسی لە قۆناغی ئەمڕۆی کوردستان کرد دوای ئەوەی بە پشتیوانیی خوا و خۆڕاگریی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و ماندووبوون و شه‌ونخوونیی هه‌موو لایه‌ك توانران داعش تێكبشكێنرێت، لەو ڕووەوە جەختی لەسەر گرنگی و پێویستیی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە بۆ گەیشتنی گه‌لی كوردستان لە چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا به‌و مافانه‌ی كه تێكۆشان و خه‌باتی بۆ كردووه، بۆیە لەم قۆناغەدا ئەنجامدانی چاكسازیی جددیی كارگێڕی له هه‌رێمی كوردستانی بە گرنگ لەقەڵەم دا.
بەڕێزیان وێڕای ئاماژە بە سەرمایەی مرۆیی و سامانی گەورەی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان، دروستکردنی ژێرخانێكی كارگێڕیى ڕێكوپێكى له کوردستان بە کارێکی گەورە و پێویستیى ئەمڕۆ له قه‌ڵه‌م دا و پشتگیریی خۆی بۆ هەر هەنگاوێک دەربڕی لەپێناو ئەنجامدانی چاكسازیی كارگێڕیی له هه‌موو وه‌زاره‌ت و ده‌زگاكانی حكوومه‌ت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و زیادکردنی شەفافییەت لە داموده‌زگاكاندا.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە کۆتاییی وتارەکەیدا لە ڕێوڕەسمی بەخشینی بڕوانامەی نێودەوڵەتیی (ئایزۆ) بە وەزارەتی ناوخۆ، دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ و ستافى وه‌زاره‌ت كرد کە هەموویان وەک یەک تیم کاریان کرد بۆ بەدەستخستنی ئەو سەرکەوتنە، ئەوەشی گوت کە کارکردن بە تیم دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی سەرکەوتنی زیاتر و دوورکەوتنەوە لە کێشەکان.
ئه‌مه ده‌قى وتارى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستانه:
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
به‌یانیتان باش،
هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن،
به‌خێر بێن بۆ ڕێوڕه‌سمى به‌خشینى بڕوانامه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى "ئایزۆ" به وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان. ئه‌م بڕوانامه‌یه ده‌به‌خشرێته ئه‌و لایه‌ن و ڕێكخراوه حكوومى و ناحكوومیانه‌ى كه به‌پێى ستانداردى جیهانیى سیستمى به‌ڕێوه‌بردنى جۆرى، كاره‌كانیان به‌ڕێوه ده‌به‌ن و له‌و سیستمه‌دا هاووڵاتى سوودمه‌ندى یه‌كه‌مه و هه‌موو كار و مامه‌ڵه‌كانى له فه‌رمانگه‌گان به شێوه‌یه‌كى ئاسانتر و به ماوه‌یه‌كى كه‌متر و به كوالیتییه‌كی باشتر ئه‌نجام ده‌درێت.
به‌خشینى ئه‌م بڕوانامه‌یه به وه‌زاره‌تى ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مایه‌ى خۆشحاڵییه بۆ هه‌رێمی كورستان و سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و هه‌موو لایه‌كمان، ئه‌و ڕاستییه ده‌رده‌خات كه وێڕاى هه‌موو قه‌یران و سه‌ختییه‌كان، حكوومه‌ت ئیراده‌یه‌كى جددى هه‌یه بۆ چاكسازى و به‌رده‌وام ده‌بێت. به هه‌موو شێوه‌یه‌ك سووره له‌سه‌ر چاكسازیى كارگێڕى و به‌ره‌وپێشبردنى سیستمى به‌ڕێوه‌بردن بۆ قۆناغێكی باشتر و پشكه‌شكردنى باشتر و ئاسانترى خزمه‌تگوزارییه‌كان به هاووڵاتیان، به كوالیتییه‌كى به‌رزتر و تێچووى كه‌متریشه‌وه.
ده‌مه‌وێ پیرۆزبایى و ده‌ستخۆشى له وه‌زاره‌تى ناوخۆ بكه‌م كه پێشتر به شێوه‌یه‌كى سه‌ركه‌وتووانه ئه‌م سیستمه‌ى له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى هاتوچۆى دهۆك جێبه‌جێ كرد و ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه بڕوانامه‌ى ئایزۆى به‌ده‌ست هێنا. ئێستاش هه‌مان هه‌نگاوى سه‌ركه‌وتووى له دیوانى وه‌زاره‌ت دووباره كرده‌وه و ئه‌مڕۆ بڕوانامه‌كه به‌ده‌ست ده‌هێنێت، هه‌روه‌ها چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له هه‌ردوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى هاتوچۆى هه‌ولێر و سلێمانیش له داهاتوویه‌كى نزیكدا ئه‌م سیتمه جێبه‌جێ بكرێت و بكه‌وێته كاركردن.
ئه‌م سه‌ركه‌وتنه له داموده‌زگاكانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ كه نموونه‌یه‌كى زۆر باشه بۆ په‌یڕه‌وكردنى، ده‌بێته ڕێخۆشكه‌ر و هانده‌رێكى گه‌وره بۆ ئه‌وه‌ى هه‌نگاو به هه‌نگاو هه‌مان سیستم له هه‌موو داموده‌زگا و دامه‌زراوه حكوومى و ناحكوومییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان جێبه‌جێ بكرێت.
حكوومه‌ت له هه‌وڵى به‌رده‌وامدایه كه ژێرخانێكى ئه‌لكترۆنیى پێشكه‌وتووى تۆكمه دابمه‌زرێنێت، نوێترین ته‌كنه‌لۆژیاى سه‌رده‌م بخاته خزمه‌ت ڕاپه‌ڕاندنى ئاسانتر و باشترى كاره‌كان و پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزاریی باشتر بۆ هاووڵاتیان.
به‌ڕێزان
نه‌هێشتنى ڕۆتین و به‌ڕێوه‌چوونێكى ئاسان و ساده و بێ گرفتى كاره‌كان، ڕاییكردنى مامه‌ڵه‌كان به كات و تێچوویه‌كى كه‌م و به كوالیتییه‌كى به‌رزتر بۆ هه‌ر هاووڵاتییه‌ك له هه‌ر كوێیه‌كى كوردستان بێت، ئه‌وه ده‌بێت ئامانجى سه‌ره‌كیى حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌ته‌كان بێت. ده‌مانه‌وێت هه‌ر له یه‌كه‌یه‌كى كارگێڕیى دوورى سه‌ر سنووره‌وه، تا ده‌گاته ناوه‌ندى شار و پارێزگاكان و له هه‌موو وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، كار و مامه‌ڵه‌كان به‌م شێوه‌یه به‌ڕێوه بچن. زۆر به جددى كارى بۆ ده‌كه‌ین تا ئه‌و ئامانجه به‌دیده‌هێنین كه خزمه‌تی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بكرێت.
ئێمه ئیراده‌یه‌كى جددیمان هه‌یه بۆ ئه‌و چاكسازییانه، به‌تایبه‌تى له سیستمى كارگێڕیدا. ده‌سپێكردنى یه‌كه‌مجارى ئه‌م پڕۆژه‌یه له ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار له ساڵى ٢٠١٤، ئینجا له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى هاتوچۆى دهۆك له ساڵى ٢٠١٥، كاتێك هه‌رێمى كوردستان له ناوجه‌رگه‌ى شه‌ڕێكی قورس بوو له‌گه‌ڵ داعش و هه‌روه‌ها له قه‌یرانى سه‌ختى داراییدا بوو، نموونه و به‌ڵگه‌یه‌كى زیندووى ئیراده‌ى جددیى حكوومه‌ته بۆ بنیاتنانى سیسته‌مێكى مۆدێرنى پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارى كه مایه‌ى ڕه‌زامه‌ندیى هاووڵاتیى هه‌رێمی كوردستان بێت، سیسته‌مێك په‌یڕه‌و بكرێت كه هاووڵاتییان بێزار و ماندوو نه‌كات و هه‌موو كار و مامه‌ڵه‌كانى به شێوه‌یه‌ك به‌ڕێوه بچن، كه‌مترین كات و تێچوو، كه‌مترین به‌دواداچوونى تێدا بێت. ئه‌مه گرنگترین بابه‌ته كه ده‌بێت هه‌موو ده‌زگاكانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان به جددی هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن.
یه‌كه‌مجار هاووڵاتى، به‌ڵێ، به‌رله هه‌موو شتێك، یه‌كه‌مجار هاووڵاتى و ڕه‌زامه‌ندیى هاووڵاتییان ده‌بێت به‌لاى ئێمه‌وه گرنگ بێت. هاووڵاتى كه سه‌ردانى فه‌رمانگه‌یه‌كى حكوومه‌ت ده‌كات، ده‌بێ هه‌موو كاره‌كانى بێ گرفت و به شێوه‌یه‌كی ڕێك‌وپێك و هه‌روه‌ها زۆر به ڕووخۆشییه‌وه ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵ بكرێت. ده‌بێ هه‌ست بكات له شوێنێكه كه به هی خۆی بزانێت. ده‌بێ به ڕوویه‌كى خۆشه‌وه هه‌ڵسوكه‌وتى له‌گه‌ڵدا بكرێت و كولتوورێكى به‌رزى مامه‌ڵه‌كردن له فه‌رمانبه‌رانه‌وه ببینێت به‌تایبه‌تی له فڕۆكه‌خانه و ده‌روازه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا كه ئه‌مه یه‌كجار زۆر گرنگه، ئه‌فسه‌ره‌كان ئه‌مه به جددی وه‌رگرن و به ڕوویه‌كی خۆشه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵكه بكه‌ن كه دێنه هه‌رێمی كوردستان.
ئێمه زۆر باش سه‌ختى و ئاڵۆزیى به‌ڕێوه‌چوونى مامه‌ڵه‌ى هاووڵاتیان هه‌ست پێده‌كه‌ین. ده‌زانین چه‌ند ماندوو ده‌بن و ده‌بێ چه‌ند ژوور و فه‌رمانگه‌یه‌ك بكه‌ن تا مامه‌ڵه‌یه‌كیان به‌ڕێوه ده‌ڕوات. هه‌ندێك جار بۆ مامه‌ڵه‌یه‌كی زۆر بچووك ده‌بێت چه‌ند ژوورێك بكه‌ن و له كۆتاییشدا نازانرێت كاره‌كه‌یان بۆ ده‌كرێت یان نا؟، ئێمه ده‌بێت له‌م سیسته‌مه ڕزگارمان ببێت و ناكرێت هاووڵاتیانی ئێمه ئه‌وه‌نده به‌ده‌ست ئه‌و ڕۆتینه بێمانایه‌ی كه له سیسته‌می كارگێڕی وڵاته‌كه‌ماندا هه‌یه بناڵێنن و ده‌بێت ئێمه هه‌وڵ بده‌ین چاكسازیی جددی له‌م سیسته‌مه‌دا ئه‌نجام بده‌ین. هاووڵاتی ده‌بێ چه‌ند كاغه‌ز و فایل و به‌ڵگه‌نامه بهێنێت و ببات تا ئیشێكی بۆ ده‌كرێت، ده‌بێت هه‌وڵێكی جددی بدرێت ئه‌مانه نه‌مێنن و به باشترین شێوه مامه‌ڵه‌كانیان به‌ڕێوه بچێت.
ئێمه ده‌زانین كه ڕۆتین و ئاڵۆزیى به‌ڕێوه‌چوونى كار و مامه‌ڵه‌كان، هه‌موویشى هه‌ر په‌یوه‌ندى به سیستمى كارگێڕى و به هه‌ڵسوكه‌وت و مامه‌ڵه‌ى فه‌رمانبه‌ران و فه‌رمانگه‌كانه‌وه نییه. هه‌ندێ جار یاسا و ڕێنماییه‌كان هۆكارى ڕۆتینن. ئه‌وه‌ش ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێت و حكوومه‌ت كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى به یاسا و ڕێنماییه‌كانى كار و ئه‌ركى داموده‌زگا و دامه‌زراوه حكوومییه‌كان و ڕاییكردنى مامه‌ڵه‌ى هاووڵاتیاندا بچێته‌وه. له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانى كوردستان كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى پێداچوونه‌وه به یاسا و ڕێنماییه‌كاندا بكرێته‌وه و پێشكه‌وتنى ته‌كنه‌لۆژى و ئه‌له‌كترۆنى بخه‌ینه خزمه‌ت جێبه‌جێكردنى یاساكان و په‌یره‌وكردنى ڕێنماییه‌كان.
ته‌كنه‌لۆژیا بۆ خزمه‌تى مرۆڤ و ئاسانكردنى به‌ڕێوه‌چوونى كاره‌كانیه‌تى. له جیهانى كارگێڕیدا به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆژیا یارمه‌تیده‌ر و هاوكارێكى باشه به كوالیتییه‌كى به‌رزه‌وه كه پێویسته ئه‌نجام بدرێت. حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ى حكوومه‌تى ئه‌له‌كترۆنى به‌رده‌وامه و ئامانجى ئه‌وه‌یه وه‌ك سستمى كارگێڕیى وڵاتانى جیهانى پێشكه‌وتوو، تا ده‌كرێت زۆربه‌ى مامه‌ڵه و كارى هاووڵاتى به شێوه‌یه‌كى ئۆنلاین هه‌ر له ماڵه‌وه له‌سه‌ر لاپتۆپێك ئه‌نجام بدرێت، پێویست نه‌كات ئه‌و هه‌موو فه‌رمانگه‌یه به‌و هه‌موو كاغه‌ز و فایل و به‌ڵگه‌نامانه‌وه، هاووڵاتیان پێوه‌ی سه‌رقاڵ بن.
حكوومه‌تى ئه‌لكترۆنى ده‌بێ خاوه‌ن ژێرخانێكى ئه‌له‌كترۆنیى تۆكمه بێت تاكو بتوانێت بڕوا و متمانه‌ى دامه‌رزاوه‌یه‌كى وه‌ك ڕێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى بۆ پێوانه‌یى "ئایزۆ" به‌ده‌ست بهێنێت و ببێته مایه‌ى ڕه‌زامه‌ندى و خۆشحاڵیى هاووڵاتیش كاتێك كار و مامه‌ڵه‌كانى به ئاسانى و بێ ڕۆتین به‌ڕێوه ده‌چێت، وه‌ك ئه‌وه‌ى ئێستا له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى هاتوچۆى دهۆك هه‌یه، كه هاووڵاتى له چه‌ند خوله‌كێكدا ده‌توانێت ساڵنامه و به‌ڵگه‌نامه‌كانى دیكه‌ى په‌یوه‌ست به شۆفێرى و لێخوڕینه‌وه ده‌ربهێنێت و ناچار نه‌بێت چه‌ند ڕۆژێك خه‌ریكى ئه‌و كاره بێت، ئه‌مه جێگه‌ی خۆشحاڵییه.
حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كار ده‌كات و به‌رده‌وام له هه‌وڵدا ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى كارى هه‌موو دامودزگا و فه‌رمانگه‌كان بگه‌یه‌نه‌یه ئه‌و ئاسته و بتوانن ئه‌و بڕوانامه‌یه به‌ده‌ست بهێنن. ئه‌م هه‌وڵه، به‌شێكى ئه‌و چاكسازییه هه‌مه‌لایه‌نه‌یه كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستى پێكردووه و له هه‌موو بواره‌كاندا كارى بۆ ده‌كات. وه‌ك چۆن پێشتر له بوارى وزه‌دا كۆمپانیاى نێوده‌وڵه‌تیى دیلۆیتمان هێنایه كوردستان و له‌گه‌ڵ بانكى نێوده‌وڵه‌تى ده‌ستمان به چاكسازى له بوارى كارگێڕیى دارایى و كارى بانكیدا كرد، به هه‌مان شێوه له هه‌موو بواره‌كاندا به‌رده‌وام ده‌بین.
ئه‌وه‌ی گرنگه هه‌موومان بیزانین ئه‌وه‌یه كه ئێمه ئه‌مڕۆ له قۆناغێكی ته‌واو نوێداین، دوای ساڵی ٢٠١٤ و شه‌ڕی داعش قۆناغێكی نوێ ده‌ستی پێكرد، سوپاس بۆ خوا به خۆڕاگریی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و ماندوبوون و شه‌ونخوونیی هه‌موو لایه‌ك، توانیمان داعش تێكبشكێنین. ئه‌مڕۆ قۆناغێكی نوێ له كوردستان ده‌ستی پێكردووه، هه‌موو هه‌وڵێكی ئێمه بۆ ئه‌وه ده‌بێت كه په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆمان له‌گه‌ڵ به‌غدا ئاسایی بكه‌ینه‌وه و له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا بگه‌ین به‌و مافانه‌ی كه گه‌لی كوردستان تێكۆشان و خه‌باتی بۆ كردووه، له هه‌مووی گرنگتر ئه‌م قۆناغه ئه‌وه ده‌خوازێت ئێمه چاكسازیی جددی كارگێڕی له هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بده‌ین.
زۆر جار ئه‌و قسه‌یه‌م كردووه كه كوردستان خاوه‌نی سه‌رمایه‌یه‌كی یه‌كجار زۆری مرۆییه، خاوه‌نی سامانێكی زۆر گه‌وره‌ی ژێرزه‌مینه له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه نه‌وت، گاز، ئاو و ئه‌مانه هه‌مووی. ئێمه ڕۆژێك ئه‌و توانایه‌مان ده‌بێت ڕێگه‌ی گه‌وره و بینایه‌ی گه‌وره دروست بكه‌ین، به‌ڵام له‌مانه هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه ژێرخانێكی كارگێڕیى ڕێك‌وپێك له‌م وڵاته‌دا دروست ببێت، بینایه دێت و ده‌ڕوات و كێشه نییه ده‌توانین بیكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌گه‌ر ئه‌و ژێرخانه كارگێڕییه ڕێكوپێكه‌مان نه‌بێت، هیچ سوودێكی نابێت.
ئه‌وه‌ی ئێستا له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و به‌پێی ئه‌زموونی خۆم، ئێمه له‌وه‌دا به‌داخه‌وه زۆر له دواوه‌ین، پێویسته ئه‌م ژێرخانه دروست بكرێت و ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئێمه لێره له‌و مه‌راسیمه‌دا به‌شدارین، له‌وانه‌یه خه‌ڵكێك به بچووك سه‌یری بكات، به‌ڵام ئه‌مه كارێكی گه‌وره‌یه، ئه‌مه ئه‌و چاكسازییانه‌یه كه من به‌رده‌وام جه‌ختم له‌سه‌ری كردۆته‌وه. پشتگیریی هه‌موو هه‌نگاوێك ده‌كه‌م كه بۆ چاكسازی له هه‌موو وه‌زاره‌ت و ده‌زگاكانی حكوومه‌ت ده‌نرێت.
جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و بواره بكه‌نه‌وه، جه‌خت له بواری چاكسازیی كارگێڕیی ناوخۆی وه‌زاره‌ت و ده‌زگاكانی حكوومه‌ت بكه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌مان باش بوو شته‌كانی دیكه‌ی خۆی ڕێكده‌كه‌وێت و پاره‌مان ده‌بێت و پرۆژه‌مان ده‌بێت و وڵاتیش زۆر باشتر له جاران ده‌بوژێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه ئێمه هه‌ر له ئێستاوه به جددی به‌ره‌نگاری گه‌نده‌ڵی ببینه‌وه و شه‌فافیه‌ت له داموده‌زگاكاندا زیاد بكه‌ین و هه‌وڵ بده‌ن كاروباری هاووڵاتیان به ئاسانی ڕایی بكرێت و ئه‌و فه‌وزایه‌ی كه زۆر جار له ده‌زگاكانی حكوومه‌ت هه‌یه بۆ ڕاپه‌ڕاندنی كارێكی بچووك، نه‌هێلین و ئه‌گه‌ر هه‌ر وه‌زاره‌تێك و فه‌رمانگه‌یه‌ك له شوێنی خۆی ئه‌م كاره بكات، پێكه‌وه ده‌توانین سه‌ركه‌وتنی باش به‌ده‌ست بهێنین له شتی بچووكه‌وه تا ده‌گاته پڕۆژه‌ی گه‌وره.
ده‌ستخۆشی له ڕێكخراوی ئایزۆ ده‌كه‌م كه ئه‌مڕۆ ئه‌م كاره‌یان ئه‌نجام داوه و سوپاسیان ده‌كه‌م، پێموایه ته‌شریفیان لێره‌یه و هاتوون. ده‌ستخۆشی له جه‌نابی وه‌زیر و ستافی وه‌زاره‌ت ده‌كه‌م كه هه‌موویان وه‌كو تیم به‌یه‌كه‌وه كاریان كرد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م سه‌ركه‌وتنه به‌ده‌ست بهێنن. ئه‌گه‌ر فێر ببن هه‌موو به‌یه‌كه‌وه وه‌كو تیم كار بكه‌ن و نه‌ڵێن ده‌بێت ته‌نیا ئه‌م سه‌ركه‌وتنه بۆ تاكه كه‌سێك هه‌ژمار بكرێت، ده‌توانین زۆر شت به‌ده‌سته‌وه بهێنین، به‌ڵام هه‌ندێك جار به‌یه‌كه‌وه كار ناكه‌ن و به داوای لێبوردنه‌وه خۆپه‌رستی له كاره‌كاندا ده‌كرێت، ئه‌وه كێشه دروست ده‌كات.
ئه‌گه‌ر وه‌كو تیم به‌یه‌كه‌وه كار بكه‌ن، سه‌ركه‌وتنی زۆر باشتر به‌ده‌ست ده‌هێنن. هیوادارم ئه‌مه په‌یڕه‌و بكه‌ن و ببێته به‌رنامه‌ی كارتان. ئه‌مه وه‌كو تیمێكی فووتبۆل وایه، ئه‌گه‌ر له‌ناو تیمه‌كه‌دا پاس به‌یه‌كتر نه‌ده‌ن گۆڵ ناكرێت هه‌رچه‌ند كه‌سه‌كه زیره‌ك و به‌توانا بێت. ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی یاری ده‌كه‌ن پاسیان نه‌داتێ و به‌یه‌كه‌وه كار نه‌كه‌ن، ئه‌و گۆڵه ناكرێت. هیوادارم ئه‌و پاسه به‌یه‌كتری بده‌ن و هیوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم.
جاریكی دیكه پیرۆزباییتان لێده‌كه‌م و هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن به‌تایبه‌تی دیپلۆماته به‌ڕێزه‌كان كه ته‌شریفیان هێناوه و ئه‌فسه‌ره‌كان كه له دووره‌وه هاتوون، هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن، سه‌رچاو.
kdp -
