ئاسۆ کەریم: کورد یەکێک دەبێت لە پایەکانی حکوومەتی داھاتووی عێراق
کورد بۆچی دەچێتەوە بەغدا
لە دوای ٢٠٠٣، دوای ئەوەی پرۆسەی ئازادیی عێراق دەستی پێ کرد، دەرفەتێک ھەبوو کە کورد دەست بۆ سەربەخۆیی ببات، بەڵام پێگەی ئابووریی کورد لەگەڵ ڕێرەوی دەرچوونی کورد لە چواردەوری ئێران و عێراق و تورکیا مەحاڵ بوو، کورد دەستی بە کێشانەوەی تابڵۆیەک کرد لە عێراقدا کە بە ھۆی کوردەوە عێراق وشەی فیدراڵی وەرگرت، ئەگەرچی ئەو وشەیە لە ھاوکێشەی سیاسی عێراقدا تەنیا وشە بوو، چونکە عێراق نەکەوتە سەر نەخشەی تەوازن و تەوافق و شەراکەت، بەڵام ھەرچۆنێک بێت، کورد دوو ئامانجی لەو کاتەدا پێکا، یەکەم ناوھێنانی عێراقی فیدراڵی، دووەمیش نووسینەوەی دەستوور. بەڵام ئەم جارە لە ٢٠١٨ کورد ئەگەر بگەڕێتەوە عێراق دەست بۆ کێشانەوەی تابڵۆیەکی دیکە دەبات، ئەویش پێکانی تەوافق و تەوازن و شەراکەتە، ئایا لەمەیاندا سەردەکەوێ، ئەی داھاتووی کورد چی دەبێ؟
وەک ڕوونە ھاوکێشەی پێکھێنانی کابینەی نوێی عێراق ئاڵۆزە، بەڵام خاڵێکی جێگیری ھەیە کە ئەویش بەشداریی کورد لە کابینەی نوێی عێراقدا ڕوونە، بەشداریی کورد لە عێراقدا بۆ تەوازنی حوکمڕانیی عێراقە، کە ھەم وڵاتانی ھەرێمایەتیی، وەک ئێران و تورکیا و سعوودیە ئەمەیان دەوێت، ھەمیش ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و ڕووسیاش ئەمەی کردووە بە مەرج.
لەبارەی دەستپێکردنی دانوستان لەسەر بنەمای ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان و دانانی مەرج بۆ ئەو دانوستانانە لە لایەن بەغداوە، ئاسۆ کەریم، نووسەر و چاودێری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دەبێ ١٤ی ئەم مانگە ئەنجامەکان لە لایەن دادگای فیدراڵییەوە یەکلا بکرێتەوە، چونکە نزیکەی ١٨٧٥ تانە لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان دراون و دەبێـ بریاریان لێ بدرێت و چارە بکرێن، تا ئێستاش شیعەکان لە ناو خۆیاندا، کە ٥ کوتلەی گەورەن، یەکلا نەبوونەتەوە لەسەر چەند پرسێک، پرسێکیان ھێشتا لەسەر ئەوە ڕێک نەکەوتوون کە کێ دەبێتە سەرۆکوەزیران، بۆیە ئەم پرسانە دەکەوێتە دوای جەژن و بە بڕوای من یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەوێتە مانگی تەممووز، ئەگەر سەیری ھەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایاریش بکەین، دەبینین کۆمەڵێک ھێزی سیاسی کە نزیکەی ٣٦ لایەنن، کورسییان لە پەرلەماندا ھێناوە، بۆیە پێویستە لەگەڵ ئەو لایەنانە بکەوییە گفتوگۆ و دانوستاندن، بزانی کام لەو لایەنانە بەرنامە سیاسییەکەی بۆ دواڕۆژی عێراق نزیکە لە ئامانج و مافەکانی کورد و دەکرێ تۆ لەگەڵیاندا بکەوییە دانوساندن و تەنانەت ڕێکیش بکەوی لەسەر حکوومەتی داھاتوو".
ئاسۆ کەریم گوتیشی: "سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکان بەشدارییان لە ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایاردا کرد، واتا سەرجەمیان بڕیاریان داوە بەشداری لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بکەن، لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەریش پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا تێکچوون، بۆیە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دۆستەکانی کورد ھەمیشە پێ لەسەر ئەوە دادەگرن، کە پێویستە کورد بە ھێزەوە و بە یەکگرتووییەوە بەشداری لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بکات." سەبارەت بە ھەرێمی کوردستانیش، کە پارتی لیستی یەکەمە و لە کۆی ٥٨ کورسی، ٢٥ کورسی بەدەست ھێناوە، یەکگرتنی پارتی و یەکێتیش دەبێتە زۆرینە و بۆ کورد باشە پێکەوە بن، چونکە ئەم جارە ٧ لیستی کوردی دەچنە بەغدا، پێم وایە ھەموویان کۆک نابن و بەداخەوە ئەم جارە کورد یەکگرتوو نابێت و بە یەکەوە کار ناکەن، ڕەنگە بەسەر دوو بەرەشەوە دابەش بن، ھەندێکیان بەشداری لە حکوومەت بکەن و بەشێکی تریشیان ببن بە ئۆپۆزیسیۆن ".
بە گوێرەی تەواوی وڵاتانی ناوچەکە، کورد دەبێ لە دانانی عێراقی تازەدا، واتە تەوازنی ھێز و دروستکەری بڕیار لە عێراقدا ڕۆڵ بگێڕێ، گەڕانەوەی کورد شکست نییە، بەڵکوو گەڕانەوەیەکی بەھێزە بۆ تۆخکردنەوەی پرسێکی گرینگی خۆی، کە پێی دەگوترێی دۆزی کورد لە ڕۆژھەڵاتی ناویندا.
سەبارەت بە گەڕانەوە و نەگەڕانەوەی کورد بۆ بەغدا ئەو چاودێرە سیاسییە دەشڵێت: "گەڕانەوەی کورد بۆ بەغدا من بە شکستی نازانم، چونکە ئەگەر نەگەڕێیتەوە چ ئەگەرێکت لەپێشە، بۆیە ئێمە کۆمەڵێک ئەگەرمان لەپێشە لە ھەلومەرجی ئێستادا، چونکە ھیچ وڵاتێک پشتیوانی لە سەربەخۆیی ناکات، بۆیە گەڕانەوە بۆ بەغدا و بەدەستھێنانی مافەکانمان باشترین ڕێگاچارەیە، چونکە بمانەوێ و نەمانەوێ ئێمە بەشێکین لە عێراق، کۆمەڵێک ڕای ھاوبەش بە گوێرەی دەستوور لە نێوان ھەردوولاماندا ھەیە، بۆیە ئێمە پێویستە لەو چوارچێوەیەدا بە پێی سیاقاتی دەستووری بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەین و ھەوڵ بدەین بە لایەنی کەمەوە ھەرێمی کوردستان وەکو یەکەیەکی فیدڕاڵی بە گوێرەی دەستوور بپارێزین، ھەروەھا لانی کەمی مافەکانمان کە لە ناو دەستووردا جێگیر کراوە، بەدی بھێنین".
kdp -
