سەرکردەیەکی یەکێتی لە رۆژئاوای کوردستان دەستگیر کرا
بەپێی بەیاننامەیەکی رێکخراوی کوردی بۆ مافەکانی مرۆڤلە سووریا، ئیبراهیم محەمەدی ناسراو بە ئەبو مەزڵوم، سەرکردەی یەکێتی لە گوندی کورتەک شێخان لە گوندەوارەکانی کۆبانێ دەستگیر کراوە.
هەروەک ئەو رێکخراوە رایگەیاندووە، ئەبو مەزڵوم سەرکردەیەکی رێکخراوی هەرێمی کوردستانی یەکێتییە و بە سەردان گەڕاوەتەوە رۆژئاوای کوردستان، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 6/6/2018 لەلایەن هێزێکی سەر بە پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)ی باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، دەستگیر کراوە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا و کشانەوەی ھێزەکانی سەر بە رژێمی سووریا لە رۆژئاوای کوردستان، پەیەدە لەڕێی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستانـەوە، دەستی بەسەر ئەو بەشەی کوردستاندا گرت و کەوتە دژایەتی و کوشتن و راوەدونانی سیاسەتمەدار و حزبە سیاسییە نەیارەکانی خۆی و سەرکوتکردنی ھاووڵاتییان.
لە مانگی ئاداری ٢٠١١ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
باسنيوز
