"مانگێکە بەرھەمی چینی لە ڕێگەی عێراقەوە ناگاتە کوردستان"
حکوومەتی عێراق بەردەوام ئاستەنگ لەبەردەم بزاوتی بازرگانی دروست دەکات و ھەرجارە و بیانوو بە شتێک دەگرێت، ماوەی چەند ڕۆژێکە بڕیاری زیادکردنی باجی گومرکی لەسەر کەلوپەلی وڵاتی چین داوە بە ڕێژەی ١٠٠%، ئەوەش بووەتە ھۆی گرانبوونی نرخی بەرھەمی چین لە بازاڕەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان. لەم بارەیەوە مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەتی عێراق باجی گومرکی لەسەر کالای ھاوردەی چینی داناوە، بەو ھۆیەوە ماوەی مانگێکە کەلوپەلی وڵاتی چین بە ڕێژەیەکی زۆر کەم دێتە نێو ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەو کەلوپەلانە لە ڕێگەی ئیماراتەوە دێنە بەندەری قوم و دواتر بۆ باشووری عێراق، لەبەر ئەوەش، باجی گومرکی زۆر لەسەر زیاد کراوە، بازرگانانی ھەرێمی کوردستان نەیاندەتوانی کەلوپەلی چینی ھاوردەی ھەرێمی کوردستان."
سەرۆکی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکاران دەڵێت: "ئەو کەلوپەلانەی لە ڕێگەی ئاوییەوە دێن زۆربەیان کەلوپەلی چینی و تایوانی و چەند وڵاتێکی دیکەن، سەرەتا دەگەیەندرێنە ئیمارات و ئینجا بۆ بەبەندەرعەباس، بەڵام ئێمە بازرگانانی ھەرێمی کوردستانمان ئاگادار کردوونەتەوە، ئەگەر عێراق ھەر باج لەسەر ئێوە زیاد دەکات، دەتوانن لە مەرزی باشماخەوە کەلوپەلی چینی ھاوردەی نێو ھەرێمی کوردستان بکەن، با سوودەکەیشی بۆ ھەرێمی کوردستان بێت و بۆ بازرگانانیش کەمتر دەکەوێ و ئاسانترە."
وڵاتی چین بە ھۆی ھەرزانیی نرخ و زۆریی بەرھەم توانیویەتی بازاڕەکانی جیھان داگیر بکات و وەپێش وڵاتە پێشکەوتووەکانی پیشەسازی بکەوێت، لە ھەرێمی کوردستانیش بە ھۆی ھەرزانیی نرخەوە بەرھەمی وڵاتی چین بازاڕێکی گەرمی ھەیە و تا دێت خواست لەسەر بەرھەمی چینی زیاد دەبێت. مستەفا عەبدولڕەحمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "کەلوپەلی وڵاتی چین بازاڕەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانی تەنیوە و بازاڕێکی باشیان ھەیە، لەبەر ئەوە زیادکردنی باج لەسەری کاریگەریی لەسەر بازاڕیش دەبێت و ھاووڵاتیانیش بە نرخێکی گرانتر دەستیان دەکەوێت، لەگەل ئەوەشدا، ئەمە بۆ ماوەی دوو ڕۆژە ھەندێ ئاسانکاری کراوە لە لایەن حکوومەتی بەغداوە و ژمارەیەک بازرگان دەستیان بە گواستنەوەی بەرھەمی وڵاتی چین کردووە بۆ ھەرێمی کوردستان."
kdp -
