چەکدارانی پەکەکە سێ گەنجی هەرێمی کوردستان دەستگیر دەکەن

چەکدارانی پەکەکە سێ گەنجی هەرێمی کوردستان دەستگیر دەکەن
چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە سنووری شارەدێی وەرتێی سەر بە شارۆچکەی رواندز، سێ ھاووڵاتی ئەو سنوورە دەستگیر کرد و کەسوکاری گیراوانیش ھەڕەشەی رێپێوان دەکەن.

‌ عومەر ھەینی، بەرپرسی رێکخراوی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شارەدێی وەرتێ، ڕايگەیاند: ”لە ئێوارەی دوێنێ دووشەممە ٤\٦\٢٠١٨، سێ ھاووڵاتی بەناوەکانی (عومەر عەبدوڵڵا مەحمود، ھەڵگورد حەمەدەمین عەبدوڵڵا و دانا خدر ھەمزە)، کە ھەرسێکیان گەنجن و دانیشتووی سەنتەری ناحیەی وەرتێن، لەلایەن ئاسایشی پەکەکە لە شوێنێک کە پێی دەگوترێت (زینێ وەرتێ) بەبێ دیاریکردنی ھیچ تاوانێک و ھۆکارێکی دیاریکراو دەستگیر کراون و تا ئێستاش ئازاد نەکراون“.

ئەو بەرپرسەی پارتی، ئەوەشی روون کردەوە، کە ئەو ھاووڵاتییانە، ‌بەڕۆژوو بوونە و بە مەبەستی گەشتکردن بۆ ئێوارە خوانێکی گەشتیاری چوونەتە ئەو شوێنە، بەڵام لەو کاتەی خەریکی ئامادەکردنی خورادن بووینە لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە دەستگیر کراون.

ئاشکراشی کرد، کە ئەمڕۆ باوکی دوو لەو گەنجە دەستگیرکراوانە سەردانی بنکەکانی پەکەکەیان کردبوو لەو سنوورە و پێیان ڕاگەیاندبوون کە گوایە ئێوارەی ئەمڕۆ ئازادیان دەکەن، ئەگەر ئەمڕۆش ئازاد نەکرێت، ئەوا بە گوتەی خۆیان، سبەی ئازادیان دەکەن.

عومەر ھەینی، بەرپرسی رێکخراوی پارتی لە وەرتێ، ئاماژەی بەوەش دا، کە ئەو جۆرە تەحەمولکردنەی چەکدارانی پەکەکە خەڵکی ناوچەکەی بێزار کردووە، بەوەی کە ناتوانن بە ئازادی لەناوچەی خۆیان گەشت و سەیران و ھاتوچۆ بکەن.

لای خۆشییەوە سابیر عەبدوڵا مەحمود، کە دەکاتە برای (عومەر عەبدوڵا محمود)، رای گەیاند،کە لەماوەی ئەو دوو ڕۆژەدا وەکو کەسوکاری ئەو سێ ھاووڵاتییە، پێنج جار بەمەبەستی ئازادرکردنیان چوونەتە لای بنکەکانی پەکەکە، ھەرچەندە بەڵێنی ئەوەیان پێداون ئەمڕۆ یان سبەی ئازادیان بکەن، بەڵام تاکو ئێستاش ھیچ ھەواڵیان نییە.

جەختی لەوەش کردەوە، کە کەسوکاری ئەو سێ گەنجە و خەڵکی شارەدێکە لە ئەنجامی ئازادکردنیان، بەنیازی ئەنجامدانی ڕێپێوان و گرتنبەری ڕێگای ترن دژ بەو سیاسەتە و ھەڵسوکەوتەی چەکدارانی پەکەکە دژ بەھاووڵاتییان لە ناوچەکە.

بەپێی قسەی دانیشتوانی ناوچەکە، ھۆکاری دەستگیرکردنی ئەو سێ گەنجە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئەوانە لە بنەماڵەی شەھیدان و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستانن.










باسنيوز
Top