نەدا مێرگەسۆری: بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق سیاسین
نەدا مێرگەسۆری، وێڕای ئەوەی دەڵێ لەگەڵ سەرنج و گلەیی حزبە بەشداربووەكانی هەڵبژاردندندان، بەڵام دەشبێت كۆمیسیۆن گلەیی و گازندەی حزب و لایەنەكان بەپێی یاسا یەكلا بكاتەوە و دەبێت گومانەكان بڕەوێنێتەوە.
مێرگەسۆری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان هەروەها گوتی، ڕاستە پەرلەمان تا 1/7 دەتوانێت كۆبوونەوەكانی خۆی بكات، بەڵام كۆمیسیۆن دەتوانێت بە رێكاری یاسایی گلەیی و گازندەی حزب و لایەنەكان بڕەوێنێتەوە و پێكەوە بگەنە ئەنجامێك، هەر بڕیارێكیش لە پەرلەمان دەربچێت، بۆ ئەوەی دەستكاریی ئەنجامی هەڵبژاردن بكرێت، بێگومان هەموو لایەنەكان، بە تایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵیدا نییە و رەتی دەكاتەوە.
بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، جەختی لە هەڵوێستی فراكسیۆنەكەیان لەو ڕووەوە كردەوە و ڕایگەیاند: "ئێمە وەكو فراكسیۆنی پارتی لەگەڵ ئەوەداین كە بەپێی یاسا كێشەكان چارە بكرێن، هەتا ئێمە وەك پارتی لە دەنگی خۆمان لە هەندێك شوێن بە تایبەتی لە شنگال و سلێمانی ناڕازین، بەڵام هەر بڕیارێك بەپێی یاسا بێت، ئێمە پێوەی پابەند دەبین، ئەوەش كە ئێستا لە پەرلەمان دەگوزەرێ، بڕیارێكی سیاسییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن لە هەندێك شوێن".
ئەو هەروەها گوتیشی: "كۆمیسیۆن وەكو دەستەیەكی سەربەخۆ، یاسای تایبەت بە خۆی هەیە، ئەو بڕیارەی كە لە پەرلەمان دەرچووە، بڕیارێكی سیاسییە نەك یاسایی، ئینجا ئەگەر پەرلەمان بیەوێت كۆمیسیۆن ناچار بە هەندێك شت بكات، دەبێت هەندێك رێكاری یاسایی بگرێتە بەر و یاسا دەربكات، بۆ ئەوەی كۆمیسیۆن ناچار بكات پێوەی پابەند بێت".
kdp -
