ئایدن مەعرووف: عەرەباندنی کەرکووک درێژەی هەیە.. دەستكاریی كورسیی كۆتا قبووڵ ناكرێت
رەوشی شاری كەركووك خراپە، دوێنێ لە تەقینەوەیەكدا شەش كەس لە شارەكە بوونە قوربانی، جیا لەوەی دۆخی سیاسیی شارەكە تەواو ئاڵۆز بووە، لە هەمان كاتدا بەعەرەبكردنی شارەكە و گواستنەوەی خەڵك لە باشووری عێراقەوە بۆ كەركووك بەردەوامە، پێكهاتەكانی شارەكەیش نیگەرانن و كوردیش پێی وایە ئەوەی لە شارەكەدا دەگوزەرێت، سەرەتایەكی خراپە بۆ پێكەوەژیان، هەروەها توركمانەكانیش بە هەمان شێوە پێیان وایە ناكرێت ئەو رەوشە بەردەوام بێت.
ئایدن مەعرووف، سەرۆكی لیستی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رەوشی شاری كەركووكی زیاتر تێك داوە، چونكە لایەنەكان رازی نین بەو دەرئەنجامە، كاتێكیش رەوشی سیاسی سەقامگیر نەبوو، رەوشی ئەمنییش خراپ دەبێت، بۆیە دەبێت ئارامیی سیاسی بگەرێتەوە بۆ شارەكە و دڵنیایی بدرێتە پێكهاتە جیاوازەكانی ئەو شارە، چونكە ناكرێت ئەم رەوشە بەردەوام بێت".
مەعرووف، گوتیشی: "سەرجەم ئەم هەوڵانەمان بۆ ئەوەیە باڵانسی ئەمنی لە عێراق تێك نەچێت، چونكە ئەستەمە بەم دەرئەنجامەی هەڵبژاردنەوە بتوانرێت بە زوویی حكوومەتی نوێی عێراق دروست بكرێت".
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی كە گوایە دەستكاریی یاسای كورسیی كۆتاكانی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت، ئایدن مەعرووف ئاماژە دەدات: "هەروەكچۆن ناكرێت پێكەوەژیانی كەركووك تێك بدرێت، ئاواش ناكرێت پێكەوەژیان لە كوردستان بخرێتە مەترسییەوە، چونكە بەشێك لە جوانییەكانی كوردستان پێكەوەژیانە".
سەرۆكی لیستی بەرەی توركمانی، هەروەها دەشڵێت: "بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكەین دەستكاریی ڕێژەی كورسیی كۆتاكان بكرێت، لە هیچ لایەنێكی سیاسییش قبووڵ ناكەین دەست وەربداتە ئەو پرسەوە و، دەبێت لەسەر ئەو پرسانە رێككەوتنی سیاسی لە نێوان لایەنەكاندا هەبێت".
"سەبارەت بە كورسیی كۆتاكان ئەزموونێكی باش هەبوو، توانیمان روویەكی جوانی پێكەوەژیان لە كوردستاندا بدەینە هەموو جیهان، بۆیە پێویستە نموونەی ئەم پێكەوەژیانە فراوانتر بكەین و گرینگی بە پێكهاتەكان بدرێت، بۆ ئەوەی بەشداری لە پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا بكەن، نەك پەراوێز بخرێن". ئەمە قسەی ئایدن مەعرووف بوو.
kdp -
