پەرلەمان پرۆژەیاسای چاکسازی یەکلا دەکاتەوە

 پەرلەمان پرۆژەیاسای چاکسازی یەکلا دەکاتەوە
دوو لێژنەی پەرلەمانی کوردستان کۆ دەبنەوە و ئامادەکاریی بۆ یەکلاکردنەوەی پرۆژەیاسای چاکسازی دەکەن.



رۆژی دووشەممە 4/6/2018، هەردوو لێژنەی هەمیشەیی یاسایی و دارایی پەرلەمانی کوردستان کۆ دەبنەوە.



لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی پرۆژەیاسای چاکسازی دەکەن، وەک ئامادەکارییەک بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان و یەکلاکردنەوەی پرۆژەیاساکە.



تا ئێستا چەند جارێک هەوڵ دراوە پەرلەمان کۆ ببێتەوە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرۆژەیاسایە، بەڵام فراکسیۆنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان ئامادەنین پرۆژەکە پەسەند بکەن.



پێشتر نازم ھەرکی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو، ھەموو لایەنەکانی ناو پەرلەمان جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێگرن لەبەردەم پەسەندکردنی پڕۆژەی چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی.



پرۆژەیاساکە لە رۆژی 18/2/2018 لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرا، بەڵام بەهۆی بڕگەیەکی تایبەت بە خانەنشینیی پەرلەمانتاران، ناڕەزاییەکی زۆر دروست بوو و یاساکە گەڕێندرایەوە پەرلەمان.



بەپێی ئەو پرۆژەیاسایە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی کردبووە، مووچە و ئیمتیازاتی خانەنشینە نایاساییەکانی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت و دوو مووچەیی لە کوردستان نامێنێت.



باسنیوز
Top