دوائاماری قوربانیانی كوردانی ئێزدی ڕاگەیێندرا
بەپێی ئەو ئامارە، كە كۆپییەكی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان نێردراوە، ئەو تاوانانەی داعش لە 3/8/2014 تاوەكو ئەمڕۆ 3/6/2018 دەرهەق بە كوردانی ئێزدی ئەنجامی داون، كە نەتەوەیەكگرتووەكانیش ددانیان پێدا ناوە بەوەی راست و دروستە، كوردانی ئێزدی لە عێراق 550 هەزار كەسن و ژمارەی ئاوارەكانی شەڕی داعش 360هەزار ئاوارەیە و ژمارەی شەهیدانیش لە رۆژانی بەرایی شەڕەكەدا هەزار و 293 شەهیدە، هەروەها ژمارەی بێ دایك و باوكان ئەوانەی باوكیان شەهید بووە هەزارو 759كەسن و ئەوانەی دایكیان شەهید بووە 407كەسن و ئەوانەی هەردووكیان شەهید بوون، 359كەسن، جگە لەمە، ئەوانەی دایك و باوكیان لە دەست داعشدان، ژمارەیان 220 كەسە و كۆی گشتییش دەكاتە 2هەزا و 745 كەس.
لە ئامارەكەی بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری كوردانی ئێزدی لە وەزارەتی ئەوقافدا، ئەوەش خراوەتە ڕوو، ژمارەی گۆڕی بەكۆمەڵ كە ئاشكرا كراون لە شنگال، 68 گۆڕە، جگە لەوەش بە دەیان گۆڕی تاكەكەسی دۆزراونەتەوە و ژمارەی ئەو مەزار و مەرقەدانەی تەقێندراونەتەوە لەلایەن داعشەوە، 68 مەزارن.
باس لەوەش كراوە كە، ژمارەی ئەو كەسانەی بۆ دەرەوەی وڵات كۆچیان كردووە، 100 هەزار كەس دەبێت.
لەبارەی ئەوكەسانەی رزگار كراون و ئەوانەی لە دەست داعشدا ماون، لە ئامارەكەدا هاتووە، ژمارەی ئەوانەی لەلایەن داعشەوە رفیندرابوون، 6 هەزار و 417 كەسە، كە لەوانە 3هەزار و 548 ئافرەت و 2هەزار و 869پیاو، كە لەوانەیش 3 هەزار و 300كەس رزگار كراون و هەزار و 150ئافرەت و337پیاو و 946 منداڵی كچ و 867 منداڵی كوڕن، ئەوانەی لە دەست داعشیشدا ماون، 3هەزار و 117كەسن كە هەزار و 452 ئافرەت و هەزار و 665 پیاون.
لە كۆتایی ئامارەكەدا هاتووە، ئەو ئامارە لە 3/8/2014 تاوەكو 3/6/2018ـیە و تەنیا ئەمەیش ئاماری راست و دروستە و كاری پێ دەكرێت.
kdp-
