سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق دەكات
ڕۆژی یەكشەممە ٣ـی ٦ـی ٢٠١٨ لە سەلاحەدین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە برۆنۆ ئۆبیر باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە دۆمینیك ماس كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێریش ئامادە بوو، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق وێڕای گەیاندنی سڵاوی سەرۆكی فەڕەنسا و وەزیری دەروەی وڵاتەكەی بۆ سەرۆك بارزانی، پیرۆزبایی سەركەوتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانی لە سەرۆك بارزانی كرد. هیوایشی خواست هەرێمی كوردستان بەشداریی چالاكانە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا بكات لەسەر بنەمای بنچینەكانی دەستوور و عێراقییەكانیش ڕێز لە ویست و ئاواتەكان گەلی كوردستان بگرن. هەروەها ئاماژەیشی بە ڕۆڵی كاریگەر و یەكلاكەرەوەی سەرۆك بارزانی دا لە ئاییندەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ئەوەیشی خستەڕوو كە وڵاتەكەی ئامادەیە یارمەتیدەر بێ بۆ داهاتووی عێراق و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی سەرۆك و گەل و حكوومەتی فەڕەنسای كرد لەبەرانبەر گەلی كودستان و بە هەڵوێستێكی هاوسەنگی لەقەڵەم دا كە لە گەلێك چاوەڕێ دەكرێ كە خاوەنی شارستانیەت و پڕەنسیپەكانی مرۆڤسالارییە و ئەوەیشی خستەڕوو كە لە گشت قۆناغێكدا گەلی كوردستان خۆی بە دۆستی نزیكی گەلی فەڕەنسا دەزانێ و سوپاسگوزاریەتی.
سەرۆك بارزانی لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و قۆناغی دوای هەڵبژاردنەكان و بەشداریی لایەنە كوردستانییەكانی جەختی لەوە كردەوە كە ڕەچاوكردن و جێبەجێكردنی هەر سێ پڕەنسیپی هاوبەشی و تەوافوق و هاوسەنگی لە دۆسیەی سیاسی و بەڕێوەبردن و ئابووری و ئەمنیدا ئەولەویەتی سەرەكیی ئێمەیە و وردەكارییەكانی تر لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا دەبێ لەژێر ڕۆشنایی ئەو سێ پڕەنسیپە سەرەكییە بێت.
مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لە عێراق تەوەرێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیە بوو و هەردوولایش لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە لە مەڕ پڕۆسەی سیاسی و پێشهاتەكانی عێراقدا لە ڕاوێژ و پەیوەندیی بەردەوامدا بن.
kdp-
