چاودێرێکی سیاسی: نەیارانی سەربەخۆیی لە کوردستان و لە کەتەلۆنیاش شکستیان هێنا
سەرەتای ئەم مانگە، میدیاکانی جیهان هەواڵی لادانی ماریانۆ ڕاخۆی، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیایان لە لەلایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە ڕاگەیاند و ئەوەیان ئاشکرا کرد کە پێدرۆ سانشێز، سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی ئیسپانیا، دەبێتە سەرۆک وەزیرانی داهاتووی وڵاتەکە.
لەمبارەیەوە د. ناسیح غەفوور، سیاسەتمەدار و ئەندام لە خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند، کێشەی سەربەخۆیی و مافی مرۆڤ و مافی چارەنووسی گەلان ”کە ئێستا سەودای لەسەر دەکرێت“، پێشتر لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بنەمای یاسایی و بنەمای مرۆییان بۆ دانراوە، بەڵام: ”ئێستا ئەو بنەمایانە ھیچی پەیڕەو ناکرێ و دانی پێدانانێن، بەپاساوی ئەوەی لەنێوان گەلانی دیکەدا کێشەی دیکە بەدوای خۆیدا دەھێنێت“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە لادانی سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا شکستهێنانی نەیارانی سەربەخۆیی کەتەلۆنیایە، وەک چۆن ”نەیارانی سەبەخۆیی کوردستانیش شکستیان ھێناوە، چونکە ڕیفراندۆمی کوردستان بووە بە ئەمری واقیع، چونکە پێشتر ھیچ وڵاتێک بە ئێمەی نەگوتووە ڕیفرانۆم مەکەن، تەنھا داوای ئەوەیان کردووە، کاتەکەی دوابخرێت، بەڵام ئێمە ریفراندۆمی خۆمان کردووە، تەنھا ئەوەی ماوە، چ کاتێک دەرئەنجامەکانی جێبەجێ دەکرێت، بۆیە ئەوانەی دژی ڕیفراندۆم بوون، شکستیان ھێناوە“.
د. ناسیح غەفور، ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بووە بە بەڵگەیەکی مێژوویی و نێودەوڵەتی، ”بێگومان ھەرکاتێک گەلی کورد بیەوێت، یان زۆری بۆبێت، ئەوکاتە دەتوانێت دەرئەنجامەکانی ڕیفراندۆم بەکار بھێنێت و سەربەخۆیی کوردستان ڕابگەیەنێت“.
باسنیوز
