شاخەوان عەبدوڵا: گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئێرانەوە سزادانی شیعەکانی عێراقە
دوای ئەوەی ڕۆژی شەممە 2/6/2018 دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایانگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدا کە دەبێ ئاوەکان بکاتەوە، لە بەنداوی سەردەشتەوە ئاوی زێی بچووکی گرتووەتەوە. شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: ”ئەوە ئەمڕۆ نییە کە ئێران سزای هەموو لایەنەکان دەدات، پێشتر من بە لایەنە شیعەکانیشم گووت کە ڕۆژێ دێ سزای ئێوەش دەدا، ئەوە بینیمان ئێستا ئاوەکانی لە هەموو سنوورەکانەوە گرتووەتەوە“.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ڕوونیشی کردەوە کە لەم ڕۆژانەدا موقتەدا سەدر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سائیروون ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو هەوڵانەی ئێران “فشارە بۆ من تاوەکوو تەنازوول لە سەرکەوتنەکانم لە هەڵبژاردن بکەم“.
شاخەوان عەبدوڵا لەبارەی ئەگەری بوونی ئەو فشارە بۆ سەر یەکێتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ئێران بۆ فشار لە یەکێتی دەکات؟ مەگەر یەکێتی موڵکی خۆی نییە؟ ئێران فشار لەسەر یەکێ دەکات کە موڵکی نەبێ“.
ڕوونیشی کردەوە، کە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لێژنەیەکی لە وەزارەتەکانی کارەبا، ئاو، ئاوەدان کردنەوە و ناوخۆ پێکهێناوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران و تورکیا بکەن، چونکە تورکیاش ئاوی گرتووەتەوە، بزانین ئەو لێژنەیە چی دەکات.
باسنیوز
