ئێران هەڕەشەی كوشتن لە ئاژەڵدارانی بناری قەندیل دەكات

 ئێران هەڕەشەی كوشتن لە ئاژەڵدارانی بناری قەندیل دەكات
قایمقانی قەڵادزێ، رای دەگەیەنێت هەڕەشەكانی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ سەر ئاژەڵدارانی بناری قەندیل لەجێی خۆیدا نییە، جەختیش دەكاتەوە ئاژەڵداران مافی خۆیانە لە هەر شوێنێك كە خاكی هەرێم بێت، ئاژەڵداری بكەن.



بەكر بایز، قایمقای قەڵادزێ رای دەگەیەنێت، دوای هەڕەشەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران كە داوای دورخستنەوەی ئاژەڵدارانی بناری قەندیلیان لە هێڵەكانی سنور كردبوو، پەیوەندی بە كاربەدەستانی ئەو وڵاتەوە كراوە.



قایمقای قەڵادزێ ئاماژەی بەوەش کرد: "هاووڵاتیان مافی خۆیانە لە هەر شوێنێك كە خاكی هەرێمی كوردستان بێت، كاری ئاژەڵداری، كشتوكاڵی، یاخود هەر پیشەیەكی دیكە بكەن".



هەفتەی رابردوو كۆماری ئیسلامی ئێران بە زۆرەملێ نووسراوی بە ئاژەڵدارەەكانی سەرجەم گوندەكانی بناری قەندی لە سنوری پشدەر پڕ كردبووەوە و داوای لێكردبوون ناوچەكە چۆڵ بكەن، بە پێچەوانەوە رووبەڕووی كوشتن دەبنەوە.



یەكێك لەو ئاژەڵدارانەی بناری قەندیل كە لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەڵێننامەی چۆڵكردنی ناوچەكەی پێ پڕ كرابوویەوە بە (باسنیوز)ی راگەیاند، ئەوان نزیكەی (80) خێزان دەبن و كاری ئاژەڵداری تەنیا پیشەیانە، ئەو ناوچانەش كە ئێران داوای چۆڵكردنی لێ كردووە، زەویی خۆیانە.



لە ساڵانی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنوورەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ پێوەر و یاسایەک ڕێگرییان لە ئاژەڵدارانی هەرێمی کوردستان کردووە و لە چەندین حاڵەتیشدا مەڕدار و شوانەکانیان داوەتە بەر دەستڕێژ و کوشتوویانن.





باسنیوز
Top