پسپۆڕانی نەوت: هەولێر لە کەرتی نەوتدا سازش بۆ بەغدا ناکات
نەبوونی یاسا
نەبوونی یاسایەکی یەکگرتووی نەوت و غاز ھۆکاری سەرەکی کێشەکەیە و لە ھەشت ساڵی رابردوودا پەرلەمانتارانی کوردستان زۆرترین ھەوڵیان بۆ دەرکردنی یاسایەکی یەکگرتوو بووە، تا دەستەڵاتەکانی نەوت دابەش بکرێت و ھەر یەکەیان ئەرک و مافی خۆیان بزانن ئەوەی ھەیە تەنیا چەند مادە و بڕگەیەکی دەستوورە بەشێوەیەکی مەتاتی کاری پێدەکرێت، د.عەلی بەلو، راوێژکاری پێشووی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "عێراق راست ناکات ھەموو دەستەڵاتێکی نییە بەسەر کەرتی نەوتی عێراقدا، چونکە پێویستە دەستەڵاتی نەوت دابەشبکرێت لەسەر ناوەند و ھەرێم و ئەو پارێزگایانەش کە بەرھەمھێنەری نەوتن، بەپێی مادەی ١١٢ی دەستووری عێراق ھاتووە، دەستەڵاتەکان دابەشدەکرێن، نەوەک ئەوەی بەغدا دەڵێ، گوایە تەنیا خۆی مافی بەرھەمھێنان و بەبازاڕکردنی نەوتی ھەیە، لەبەر ئەوە عێراق پێویستی بە یاسایەکی نەوت و غاز ھەیە و کۆتایی بەو پرسە بێت و یەکلا بکرێتەوە.
وەک پسپۆرێکی کەرتی نەوت ئاماژەی بۆ دەکات، بەغدا چاوی بەو گەشەکردن و پێشڤەچوونەی ھەرێمی کوردستان ھەڵنایەت لە بواری نەوتدا و ھەر ئەوەش وایکردووە ئاستەنگ بۆ کەرتی نەوت لە ھەرێمی کوردستان دروست بکرێت لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە لەمبارەیەوە د. سیروان عارەب، پسپۆری کەرتی نەوت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان روونیکردەوە" ھەرکاتێک ھەرێمی کوردستان لەکەرتی نەوتدا گەشەی کردبێت بەغدا پێی نیگەڕانبوە و ئاستەنگی خستووتە بەردەم کەرتی نەوتی ھەرێم، ھەموو ھەولێکی عێراق ئەوەبوە ھەرێمی کوردستان بەرھەمی نەوتی خۆی رادەستی سۆمۆ بکات تا لەڕووی ئابوورییەوە گەشە نەکات، بەڵام لە کاتی ئێستادا رێکەوتنی دوولایەنە ھەیە بە سەرپەرشتی لایەنی نێودەوڵەتی لەنێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدا.
کورد زۆرترین ھەوڵی بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و غازی داوە، بەڵام وەک نوێنەرانی کوردستان ئاشکرایدەکەن،کۆتلەکانی نێو پەرلەمانی عێراق بەردەوام خۆی لەو پرسە دەدزیەوە و دەیانزانی بە یاسایی کردنی کەرتی نەوت و غاز لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستاندایە، د. تارق گەردی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ئەو زانیاریانەی پشتڕاکردنەوە و دەڵێت: "راستە لە ساڵانی رابردوودا ھەوڵی زۆرماندا ئەو بابەتە چارە بکرێت، تا کۆتایی بەو ئاریشەیە بێنن کە چەندین ساڵە لەنێوان ھەرد حکوومەت ھەیە، بەڵام بەغدا ئامادەنییە یاسایەکی بەھێزھەبێت، وەک دەستووریش دیاریکردووە تا دەرکردنی یاسا ھەردوو حکوومەت پێکەوە بە ھەماھەنگی کەرتی نەوت بەڕێوەی دەبەن.
رێکەوتنی نوێ و چارەکردنی پرسی نەوت
رادەستکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەبۆچوونی راوێژکاری پێشووی وەزارەتی سامانە سرۆشتیەکان ھەلەیەکی گەورەیە لەلایەن ھەرێمی کوردستان ئەگەر بکرێت، چونکە رادەستکردنی نەوت پەیوەستە بە دابینکردنی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەک ئەو بودجەیە نەبێت کە یەکلایەنە دیاری دەکرێت، د.عەلی بەلو گوتیشی" ناکرێت ھەرێمی کوردستان نەوتی خۆی رادەستی کۆمپانیا نەوتی نیشتیمانی عێراق سۆمۆ بکات بەبێ خەرجکردنی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان، ئەویش بودجەیەکی گونجاو بەشی ھەرێمی کوردستان بکات، نەوەک ئەو بەشە بودجەیەی ئەمساڵ ١٢% دیاریکردووە بۆ ھەرێمی کوردستان کە پێی ناژین.
بەلو دەشڵێ" ئەو بودجەیە ھی ئێمە نییە و پێویستە ھەرێمی کوردستانیش رازیبێت چەندی بۆ دیاری دەکرێت، لەبەر ئەوەش ھەر شتێک لەو بارەوەی بگوترێت راستی تێدانییە، پێویستە رێکەوتنێکی نوێ لەنێوان ھەرێم و بەغدا ئەنجامبدرێت و ھەردوولا بەنە رێکەوتنی بەرھەمدار بەبێ دابینکردنی بودجەیەکی شایستە نابێت نەوت رادەستی بەغدا بکەین.
لایەنەکان سەرقاڵی رێکەوتنی سیاسین بۆ دروستکردنی کابینەیەکی نوێی حکوومەت و پێشبینی دەکرێت درەنگ یا زوو حکوومەتێکی نوێ لە عێراق لەدایکبێ، د. سیروان عارەب ئاماژەی بۆئەوەکرد" حکوومەتی ئێستای بەغدا لە کۆتایی تەمەنی خۆیدایەو پێشبینی دەکرێت لە مانگەکانی داھاتوو حکوومەتی نوو دەستبەکاربێت، بێگومان کورد شەریکی سەرەکی ئەو حکوومەتە دەبێت و باوەڕناکەم بگەینە ئەو قۆناغەی پێوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا بگاتە ئاستێک قەیرانی گەورە بۆ ھەرێم دروست بکرێت.
سیروان عارەب گوتی" لێکتێگەیشتنەکان باشترن لەوەی ناکۆکی ھەبێت، وڵاتانی نێودەوڵەتی بەتایبەت زلھێزەکان لەھەولی ئەوەدان ھەردوولا لێک نزیکبکەنەوە، روسیا و کۆمپانیای رۆزنەفتیش رۆڵی گرنگی دەبیت لەچارەکرنی پرسی نەوت و غاز لەنێوان ھەولێر و بەغدا، لەبەر ئەوەش کۆمپانیای رۆزنەفت ئەوەی نەشاردووتەوە ھاوکار دەبن بۆ لێک نزیکردنەوەی ھەردوو حکوومەت لە پرسی نەوتدا.
پێناچێت ئەو پرسە بەو ئاسانییە چارەی کۆتایی ھەبێت و ھەموو پرسە ھەڵواسراوەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا شەڕێکی سەختی دەستووری و یاسایی و سیاسی پێویستە، چونکە بەغدا پابەندی دەستوور نییە و ھەرێمی کوردستانیش جیددیە لەوەی کەرتی نەوت و غاز پەرەی زیاتری پێبدات و بەردەوامبێت لە وەبەرھێنان لە کەرتی نەوت و غازدا.
kdp-
