گۆڕان مەرج بۆ بەشداریکردن لەکۆبوونەوەکانی تایبەت بەپرۆژەیاسای چاکسازیی دادەنێت

 گۆڕان مەرج بۆ بەشداریکردن لەکۆبوونەوەکانی تایبەت بەپرۆژەیاسای چاکسازیی دادەنێت
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان ڕای دەگەیەنێت، پێشتر لە دژی مادەی سێی پرۆژە یاسای چاکسازیی دەنگیان داوە و ئێستاش کێشەیان لەگه‌ڵ ئه‌وه‌ ماده‌یه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام گه‌ر بزانن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، ئه‌وكات به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن.


بەهار مەحموود، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لەبارەی کۆبوونەوەی لێژنەی دارایی و یاسایی لەگەڵ وەزیری دارایی لە هەفتەی داهاتوو، ڕایگەیاند: ”هیچم لەسەر کۆبوونەوە پێ نەگوتراوە و نەمزانیوە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەمان هەبێ“.


ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان، گوتی: ”کێشەی ئێمە لە بابەتی دەرماڵەکانە و ئەو مادەیەی تایبەتە بە دەرماڵە، چونكه‌ هەست دەکەین حکوومەت دەیەوێت بەجۆرێک بیقۆزێته‌وه‌، ئەو پاشکەوتەی پێشتر بە نایاسایی ده‌یبڕى ئەمجارە بە نایاسای و بەناوی بڕینی دەرماڵەوە بەکاری بهێنێت، لەبەر ئەوە ئێمە تیبینیمان لەسەر ئەو مادەیە هەیە و قسەی خۆمان لەسەر کردووە“.


لەبارەی بەشداری کردنی ئەندام پەرلەمانەکانی گۆڕان لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی لێژنەکانی دارایی و یاسای، کە تایبەتە بە پرۆژەی چاکسازیی، بەهار مەحموود دەڵێت: ”بابزانین چۆن دەبێ و بە چ ڕوویه‌كدا دەڕوات، ئەگەر بزانین بابەتی دەرماڵەکان چاک دەکرێ بەشدار دەبین“.









باسنیوز
Top