دەست بە داگیركردنەوەی ماڵ و موڵكی هاووڵاتیانی كورد كراوە

 دەست بە داگیركردنەوەی ماڵ و موڵكی هاووڵاتیانی كورد كراوە
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە دووبارە بە عەرەبكردنەوەی كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەری هۆشداری دەدات و ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەدژی كورد، لە ئاست ئەو پرسەدا بێدەنگیی هەڵبژاردووە.

ئەشواق جاف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە بە بەرنامە و پلان هەوڵی تەعریبكردنەوەی شاری كەركووك و ناوچەكانی دەروبەری دەدرێت".

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات ئەو كەسانەی لە سەردەمی سەدام حوسێن هێنرابوون، دواتر بەپێی مادەی 140 قەرەبوو كراونەتەوە و چوونەوە شوێنی خۆیان، بەڵام ئێستا بە هاوكاریی سوپای عێراق گەڕاونەتەوە ناوچەكە و ماڵ و موڵكی هاووڵاتیانی كورد داگیر دەكەنەوە".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەوەش کرد: "هێزەكەی دوای 16ی ئۆكتۆبەر بە خێزانەوە چوونەتە كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەری، ئەمەش هەمان ئەو سیاسەتەیە كە لە سەردەمی بەعسی رووخاودا پەیڕەو دەكرا".

گوتیشی: "ڕاستە كەركووك شاری پێكەوەژیانە و ژمارەیەكی زۆر ئایین و نەتەوەی جیاواز لەو شارەدا دەژێن، بەڵام ئەوە روونە كە رێژەی كورد لە شارەكەدا زۆرە، "بە عەرەبكردنەكەی ئەمجارەش بۆ سڕینەوەی زۆرینەی كورد و ناسنامەی شارەكەیە".

ئەشواق جاف پێی وایە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی كورد، لەگەڵ لایەنەكانی دیكە هەڵسوكەوت دەكات و نایەوێت ئەو رووداوانە ببینێت، داواش دەكات پەرلەمنتارانی خوڵی داهاتوو كار لەسەر دووبارە گەڕانەوەی ئەو هاوردانە بكەن كە هێنراونەتەوە بۆ كەركووك.









باسنیوز
Top