چاودێرانی سیاسی: گرینگە کورد داوای گرەنتی نێودەوڵتی بکات
له كابینه‌كانی پێشووی حكوومه‌تی عێراقدا هه‌موو جارێك داواكارییه‌كانی كورد له كارنامه‌ی حكوومه‌تدا هه‌بوون، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وەی ئه‌و داواكاریانه‌ی جێبه‌جێ نه‌كراون، بگره كێشه‌ی زیاتر بۆ هه‌رێمی كوردستان دروست كراون، بۆیه ئه‌م جاره چاودێران پێیان وایه پێویسته كورد به‌و مه‌رجه به‌شداری له كابینه‌ی نوێ‌دا بكات، کە ئالیه‌تێكی ڕوون هه‌بێت بۆ جێبه‌جێكردنی داواكاریی كورد له حكوومه‌تی نوێی عێراقدا.
چاودێری سیاسی و ماموستای زانسته سیاسییه‌كان، د. سه‌باح سوبحی، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "پێویسته كورد ئه‌م جاره هه‌روه‌كو ساڵانی پێشوو به‌شداری له حكوومه‌تی نوێی عێراقدا نه‌كات ئه‌گه‌ر گره‌نتی بۆ جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی كورد نه‌بێت، چونكه پێشتر هیچ داواكاریی كورد جێبه‌جێ نه‌كراوه، بۆیه پێویسته ئه‌م جاره كورد وا بكات ئه‌و مافانه‌ی له سه‌رده‌می مالیكی و عه‌بادیدا جێبه‌جێ نه‌كراون به ئالیه‌تێكی ڕوون له‌م كابینه‌یه‌دا جێبه‌جێ بكرێن."
د. سه‌باح سوبحی باسی له‌وه‌ش كرد: "پێویسته ئه‌م جاره هه‌ر حكوومه‌ت دروستكردن نه‌بێت و سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت دروست ده‌كات دیاری بكات تێروانین بۆ مافه‌كانی كورد چۆنه و هه‌ر مافێكی كوردیش له كارنامه‌ی حكوومه‌ت دیاری بكرێت، زه‌مانه‌تی نێوده‌وڵه‌تیش وه‌ربگیرێت بۆ جێبه‌جێكردنی، چونكه ئه‌م جاره زۆر گرنگه لایه‌نی سێیه‌م به‌شدار بێت."
ئه‌و ماموستایه‌ی زانكۆ ڕوونیشی كرده‌وه: "ئێستا پێوه‌ندییه‌كانی نێوان سعوودیا و ئێران و ئه‌مه‌ریكا باش نییه، بۆیه گرنگه كورد سوودی لێ وه‌رگرێت بۆ ئه‌وه‌ی له پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ‌دا زه‌مانه‌تێكی نێوده‌وڵه‌تی هه‌بێت بۆ دابینكردنی مافه‌كانی گه‌لی كورد له كابینه‌ی نوێی عێراقدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ردا بینیمان وڵاتانی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیش وه‌كو پێویست پشتگی ئێمه‌یان نه‌گرت و ئه‌م جاره بێ گه‌ره‌نتی به‌شداری له حكوومه‌ت نه‌كه‌ین."
چاودێری سیاسی، مه‌سعوود سه‌رنی، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م زۆر گرنگه بۆ كورد بۆ به‌شداریكردن له كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراقدا یه‌كڕیزییه، بۆیه ئه‌گه‌ر یه‌كڕیز بن ده‌بنه هێزێكی گه‌وره‌ی كاریگه‌ر له به‌غدا و ده‌توانن وا بكه‌ن كه له حكوومه‌تی نوێی عێراقدا داواكاریی كورد له ناو كارنامه‌ی حكوومه‌تی نوێی عێراقدا دابنرێت و ئالیه‌تێكیش دابنرێت بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و داواكاریانه‌ی كورد، چونكه قۆناغی ئێستا زۆر هه‌ستیار و گرنگه و پێویسته كوردیش سوودی لێ وه‌رگرن."
مه‌سعوود سه‌رنی گوتیشی: "ئاماژه‌كان به‌و ئاراسته‌یەن كه ڕه‌وتی سه‌در حكوومه‌ت دروست بكات، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی باشه، چونكه ئه‌و ڕه‌وته ده‌توانن هاوسه‌نگی دروست بكه‌ن و زۆر كاریگه‌ریی ئێران و وڵاتانیان له‌سه‌ر نییه، ئه‌مه‌ش زۆر گرنگه و پارتیش هه‌وڵی داوه حكوومه‌تی نوێ هه‌موو لایه‌نه‌كان تێیدا به‌شدار بن و بێن مافه ده‌ستوورییه‌كانی كورد جێبه‌جێ بكه‌ن، بۆیه گرنگه ئه‌م جاره ئالیه‌تێك هه‌بێت كه كارنامه‌كه وه‌كو خۆی جێبه‌جێ بكرێت و پارتیش به‌رده‌وام جه‌ختی له‌وه كردووەته‌وه."
چاودێری سیاسی، ئازاد ئه‌بووبه‌كر سرێشمه‌یی، له‌وباره‌یه‌وه بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "گرنگه ئه‌م جاره كورد به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له دارشتنی كارنامه‌ی حكوومه‌تی نوێی عێراقدا به‌شدار بێت و خۆیشی داواكارییه‌كانی له ناو كارنامه‌كەدا جێگیر بكات و ئالیه‌تێكیش دابنێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر مافێكی كورد له واده‌یه‌كی دیاریكراودا جێبه‌جێ بكرێت، نه‌ك وه‌كو ئه‌وه‌ی پێشوو كورد ته‌نیا به ناو مافه‌كانی جێگیر بكرێت و دواتریش جێبه‌جێ نه‌كرێن."
ئازاد ئه‌بووبه‌كر سرێشمه‌یی ئه‌وه‌یشی گوت: "پێویسته ئه‌م جاره كورد له پۆسته گرنگه‌كان پشكی هه‌بێت، به‌تایبه‌تیش ئه‌و پۆستانه زیاتر وه‌ربگرێت كه پێوه‌ندیان به مافه‌كانی كورده‌وه هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر بتوانن وا بكه‌ن كه مافه‌كانی كورد دابین بكرێت و جگه له‌وه‌ش، لایه‌نی سێیه‌م له‌و گفتوگۆیانه به‌شداری بكات و زەمانه‌تی نێوده‌وڵه‌تی هه‌بێت بۆ جێبه‌جێكردنی داواكاریی كورد، به‌تایبه‌ت گرنگه کە یوئێن به‌شدار بێت."
kdp -
