"داعش ٦٨ مەزاری ئێزدی و ٨٥ کڵێسای کریستیانەکانی خاپوور کردوون"
لەم بارەیەوە، دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: تیرۆریستانی داعش تاوانی گەورەیان دەرهەق بە پێكهاتە ئایینییەكانی پارێزگای نەینەوا ئەنجام داوە و زیاتر گوتی: لە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەكی پارێزگای مووسڵ، دەیان تاوانی دڕندانەیان دەرهەق بە دانیشتوانی ئەو ناوچانە ئەنجام دا، بەتایبەتی دەرهەق بە هاووڵاتیانی كورد، لە كوشتن و دەركردن و ڕفاندن و لەم ڕووەوە كوردانی ئێزدی بوونە قوربانیی دڕندەترین و گەورەترین تاوانی مرۆڤایەتی لەسەر دەستی داعش و بە هەزارانیان ڕفێندران، كە ژمارەیان گەیشتە ٦٤١٧ کەس، لەوانە ٣٥٤٨ ئافرەت بوون، ئەو ئافرەتانە تووشی گەلێک ڕەفتاری دڕندانە و دوور لە هەموو عورف و دابونەریتێکی مرۆڤانە، لە فرۆشتن و کڕین و ئەشکەنجەدانی جەستەیی و دەروونی و گۆڕینی ئایین بوونەوە.
دیندار زێباری تیشكی خستە سەر كارەكانی نووسینگەی تایبەتی بەڕێز سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، كە بۆ ڕزگاركردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش دامەزراوە و گوتی: نووسینگەی تایبەتی جەنابی سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ٢٥/١١/٢٠١٤ لیژنەیەکی تایبەتی دامەزراند بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە كەیسی ڕفێندراوەكان و بودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ ڕزگارکردنیان، دوای گەڕانەوەشیان حكوومەت هەموو ئامادەكارییەك دەكات بۆ حەواندنەوەیان و دووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ نێو كۆمەڵگا. لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە ئەرکی ڕزگاکردنیانی گرتە ئەستۆ بە هەوڵە بەردەوامەکانی تا ڕۆژی ٢٣/٥/٢٠١٨ ژمارەی ئێزدیە ڕزگارکراوەکان (٣٢٧٥) کەس بووە، لەوانە (١١٤٨) ئــافرەت و (٣٣٦) پیاو و (٩٣٥) کچ و (٩٥٦) کوڕ ڕزگار کراون, ئەوانەی تا ئێستا ڕزگار نەکراون ژمارەیان (٣١٤٦) کەسە، لەوانە (١٤٦٥) ئافرەت و (١٦٨٥) پیاو لە دەست داعش ماون .
دیندار زێباری ئەوەیشی ئاشكرا كرد: تەنیا كوردانی ئێزدی نەبوونە قوربانیی داعش و لەو بارەیەوە گوتی: گشت پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان بوونەتە قوربانیی دەستی داعش وەك كریستیان و كاكەیی، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێزدی كورد بوون و خاوەنی ئایینی خۆیان بوون، بۆیە زیاتر ڕووبەڕووی توندوتیژی جۆراوجۆر بوونەوە، چونكە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی كریستیان بێ سەروشوێن بوون و تا ڕێكەوتی ١٨/٧/٢٠١٧ كەیسی (٢٥٠) هاووڵاتیی كریستیانی ڕفێدراو دیکیۆمینت کراوە، کە (٨٢)یان ئافرەت و (١٦٨) پیاو بوون. لەوانە ژمارەیەکیان ڕزگار کراون و ژمارەکیان ڕزگار نەکراون و بێ سەروشوێنن کە (٢٠)یان ئافرەتن، جگە لە كوشتن و ڕفاندنی پەیڕەوانی ئایینەكانی دیكە، مەزارگە و شوێنە پیرۆزەكانیشیان وێران و خاپوور کرد، لەوانە (٦٨) شەستوهەشت مەزار و شوێنی ئایینی ئێزدیان و (٨٥) كڵێسا و (٣) گۆڕستانی كریستیانەكان خاپوور کراون.
لە کۆتاییی لێدوانەکەیدا دکتۆر دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تیشكی خستە سەر ئەوەی كە بەشێك لە ڕێكخراوەكان هەوڵ دەدەن كەیسی ئافرەتە ڕفێندراوەكان بە مەبەستی تایبەتی بقۆزنەوە و لەو بارەیەوە گوتی: مایەی نیگەرانییە زۆر لە چالاکانی مەدەنی لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان پارە و کۆمەک بە ناوی ئافرەتە ڕزگاربووە ئێزدییەکان کۆ دەکەنەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو ئافرەتە ڕزگاربووانە ھیچ شتێکی ئەوتۆیان لەوانە نەدیوە، بەتایبەت لەباری دووبارە شیاندنەوەی ڕزگاربووەکان و گەڕانەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگا، لە لایەکی دیکەوە ھەندێک چالاکی مەدەنی، ناوە بە ناوە، ھەندێک لەو ئافرەتە ڕزگاربووانە لەگەڵ خۆیان دەبەنە وڵاتانی ئەوروپی و عەرەبی، و لەو وڵاتانە کۆڕ و سمینار دەگێڕن بۆ کۆکردنەوەی پارە و کۆمەک بە ناوی ئەو ئافرەتانەوە.
kdp -
