پۆلیسی فیدڕاڵی لە سەرگەڕان ھەڕەشەی دەستگیرکردنی ھاووڵاتیانی کورد دەکات
ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە قەزای دوبزی کەرکووک ھەڕەشەی تەعریبێکی گەورەی لەسەرە و دوای ڕووداوەکانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو ژمارەیەک عەرەب لە ھۆزی بەدوو ھاتوونەتە سەر گوندی کوردان و زەویوزاری کوردیان داگیر کردووە. لوقمان حوسێن، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای دروستبوونی شەڕ لە نێوان کورد و عەرەبی ھاوردەی گوندی پەڵکانە دیارە کوردەکان لە بنکەی پۆلیس سکاڵایان تۆمار کردبوو، کەچی بەداخەوە پۆلیس لە بری عەرەبەکان ژمارەیەک ھاووڵاتیی کوردی دەستگیر کردبوو، جگە لە قسەی ناشیرین، ھەڕەشەی ئەوەش لە کوردانی ناوچەکە کراوە، ئەگەر جارێکی دیکە کێشە بنێنەوە لەگەڵ عەرەبەکانی ئەو سنوورە ئەوکات بە پێی ماددەی چواری تیرۆر دەستگیریان دەکەن."
پارتی دیموکراتی کوردستان بە ھۆی ئەو داگیرکاریی حەشد و پۆلیسی عێراق نەک تەنیا دژیان وەستایەوە بەڵکوو ھەڵوێستیشی وەرگرت و بایکۆتی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانی عێراقی کرد لە کەرکووک، دکتۆر محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی سێی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەداخەوە چەند ڕۆژێکە کێشەی گوندی پەڵکانەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕانی کەرکووک دەستی پێ کردووتەوە، پۆلیسی فیدڕاڵی دەستوەردانی کردووە، بەتایبەتی ئەفسەرێک بە ناوی عەقید عەلی چووەتە سەر خەڵکی گوندی پەڵکانە و پشتگیری لە عەرەبەکان کردووە و ھەڕەشەی لە گوندنشینانی کوردی سنوورەکە کردووە، جارێکی دیکەش ئەو کێشەیە ڕووی دا و بە ھاوکاریی پەرلەمانتاران و ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوکات ڕاگیرا، بەڵام لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا زۆر بە توندی کێشەکە سەری ھەڵداوەتەوە، ئەمەش غەدرێکی گەورەیە لە کوردانی ئەو سنوورە کە ناڕەوایە، بەتایبەتی لە لایەن پۆلیسی فیدڕاڵییەوە."
بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان داوا لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات، ھەرچی زووە چارەسەرێک و سنوورێک بۆ پڕۆسەی تەعریب لە دەڤەرەکە دابنێت و دەشڵێت: "پێویستە ھەرێمی کوردستان بێدەنگ نەبێت لەبەرامبەر ئەو غەدرە، بەپێچەوانەوە ئەگەر کێشەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، کورد گوندەکانی چۆڵ دەکات و بەرەو ناوچەکانی دیکە ئاوارە و پەراگەندە دەبن، ئێستا مەترسی لەسەر ١٤ گوندی کوردنشین ھەیە، تەنیا لە ناحیەی سەرگەڕان و لە ناوچەکانی دیکەی وەک پردێ و داقووق و ئەمانەش مەترسیی چۆڵکردنیان لەسەرە."
kdp -
