مامۆستایانی زانكۆ: گەڕانەوە بۆ یەكڕیزی دەستكەوتەكان گرەنتی دەكات

 مامۆستایانی زانكۆ: گەڕانەوە بۆ یەكڕیزی دەستكەوتەكان گرەنتی دەكات
مامۆستایانی زانكۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، تاكە ڕێگە لە بەردەم لایەنە كوردستانییەكاندا بۆ بەدەستخستنی مافەكانی خەڵكی كوردستان لە بەغدا ئەوەیە یەكڕیز بن، ئەو یەكڕیزییەش بەوە دروست دەبێت كە ناوماڵی خۆیان ڕێك بخەن و ناكۆكییەكان بەلاوە بنێن.

سەرۆك بارزانی و پارتی بەردەوام تەئكید لەوە دەكەنەوە، كە دەبێ لایەنە كوردستانییەكان هەموویان بە یەك تیم ڕوو لە بەغدا بكەن، بۆ ئەوەی بتوانن دەستكەوتەكان بپارێزن و دەستكەوتی زیاتریش بەدەست بهێنن.

تاكە ڕێگە لە بەردەم لایەنە كوردستانییەكان بۆ بەدەستخستنی مافەكانی خەڵكی كوردستان لە بەغدا ئەوەیە یەكڕیز بن، هەر بۆ ئەو مەبەستە د. ڕەحیم محەمەد، مامۆستای زانكۆی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "بەغدا باوەڕی بە پێكەوەژیان نییە و شەراكەتی نەهێشتووەتەوە، سەرۆك بارزانیش گەیشتووەتە ئەو قەناعەتە كە عێراق هیچ كاتێك ئامادە نییە دەستوور وەكو خۆی جێبەجێ بكات، گەلی كوردیش باوەڕی بەو عەقڵییەتە نییە كە حوكمڕانیی عێراق دەكات، بۆیە سەرۆك بارزانی و پارتی لەگەڵ یەكڕیزیی گەلی كورددان، داوا دەكەن كورد یەكڕیزیی خۆی بپارێزێت و لیستێكی یەكگرتوو بۆ ئەم قۆناغە زۆر پێویستە، بەتایبەتی لەم بارودۆخەدا، چونكە ئەگەر یەكڕیز بن، هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت بەرامبەر بە كورد بوەستێتەوە، دەتوانن زۆر شتیش بە دەست بهێنن، بۆیە دەبێ لایەنەكان خۆیان یەكلا بكەنەوە و خۆیان بكەنە یەك."

د. شێروان خۆرشید، کە ئەویش مامۆستای هەمان زانكۆیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "كورد پێویستی بە یەكدەنگی و یەكڕیزی هەیە، پێویستە هەمووان یەكدەنگ و یەكڕیز بن، لە بەرامبەر مەسەلە نیشتمانییەكاندا ئەركی سەرشانی هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستانە، خیلافەكانیان لە چیای حەمرین وەلاوە بنێن."

ئەگەر كورد لە بەغدا یەكگرتوو نەبێت، ئەوەی بە دەستی هێناوە، ئەویش لەدەست دەدات، بەڵام ئەگەر یەكگرتوو بێت دەتوانێت دەستكەوتەكان بپارێزێت و دەستكەوتی زیاتریش بە دەست بهێنێت، د. ئیسماعیل موسلیح، مامۆستای زانكۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون كردەوە: "كورد كەمینەیە لە بەغدا، ڕەفتارەكانی بەغداش دیارن كە چۆن ڕەفتار لەگەڵ كورد دەكات، وەكو هاوبەش ڕەفتاری لەگەڵ ئێمە نەكردووە، كاتێك بە لاوازمان دەزانن، دەبینین چۆن ڕەفتارێكی دژوار لەگەڵ ئێمە دەكەن، بۆیە تاكە ڕێگە لە بەردەم ئێمەدا بۆ بەدەستخستنی مافەكانمان لە بەغدا ئەوەیە یەكڕیز بین، نابێ هەركەسە و بۆخۆی بچێتە بەغدا و دانوستاندن بكات، چونكە ئەوەی هەمانە ئەویش لە دەست دەدەین، بۆیە هیچ ڕێگایەكمان لە بەردەمدا نییە، جگە لە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی، ئەو یەكڕیزییەش بەوە دروست دەبێت، كە ناوماڵی خۆمان ڕێك بخەین و ناكۆكییەكان نەهێڵین".
kdp -
Top