ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، ئامێری کەناڵە ناوخۆییەکان ڕەت دەکاتەوە
ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر ئەو لایەنە بوو کە زۆرترین رەخنەی ھاووڵاتیانی ئاراستە کرا، لەوەی بەرگری لە ھاووڵاتیانی خۆی بکات و رێگە نەدات ھیچ کۆمپانیایەک لەم قەیرانەدا بە ناوی ئامێری وەرگرتنی پەخشی کەناڵە ناوخۆییەکان ببێتە بارگرانی بۆ ژیانیان.
عیماد رەفعەت، سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیریی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بۆ مالپەڕی فەرمیی پارتی کوردستانی راگەیاند "دانانی ئەو ئامێرە بۆ وەرگرتنی پەخشی کەناڵە ناوخۆییەکان بارگرانییەکی زۆرە لەسەر ھاووڵاتی ھەرێمی کوردستان، ئێمە چاودێریی پڕۆسەی فڕۆشتنی ئامێرەکەمان کردووە، ھەرچەندە وەزارەتی رۆشنبیری مۆڵەتی کارکردنی پێداوە، بەڵام ئێمە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ئاگادار دەکەینەوە بۆ ڕاگرتنی ئەو سیستەمە."
ئەو گوتیشی "ئاسمانی کوردستان سامانێکی نیشتیمانییە و نابێت لەلایەن کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتەوە کە کەسیش نازانێ ھیی کێیە، قۆرخ بکرێت و بە ئارەزووی خۆیان و ئامێر و کارت بفرۆشن بە ھاووڵاتیان."
لە نیسانی ساڵی رابردوودا وەزارەتی ڕۆشنبیری رێی نەداوە کۆمپانیا ئامێری وەرگرتنی کەناڵە ناوخۆییەکان بفرۆشێت بە ھاووڵاتیان و، وەک محەممەد گەردی، بەڕێوەبەری گشتیی چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری ئاشکرای کرد "مەرجی هەرزانکردنمان بۆ دیاری کرد؛ ئەوەبوو کۆمپانیا نرخی ئامێرەکەی دابەزاند لە ٩٠ دۆلارەوە بۆ ٣٩ ھەزار دینار."
بەڕێوەبەری گشتیی چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری بەرگریی لەو سیستمە نوێیەی کە خەریکە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە دەکات و گوتیشی، پێشتر ھەموو کوردستان کەوتبووە نێو سیستەمەکە و تەنیا سەنتەری شارەکانی ھەولێر و سلێمانی مابوونەوە، دەشڵێ "ئەمە سیستەمێکی سەرکەوتووە، پێشتریش وەرگرتنی کەناڵە ناوخۆییەکان بەھۆی دانانی ئامێرێکەوە بووە، ئێستا بە ھۆی ئەو ئامێرەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت و زیاتر کەناڵ وەردەگرێت، ھەروەھا لە ڕووی کوالێتییەوە زۆر باشتر دەبێت."
لە ھەرێمی کوردستان بەپێی داتای وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، ١٦٠ رادیۆ ٩٧ کەناڵی نێوخۆیی و ٣٩ کەناڵی ئاسمانی ھەن و جگە لە رادیۆیەکی تاقانە، ھیچ میدیایەکی بینراو و بیستراو و خوێندراو سەر بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نینە.
سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر جەخت دەکاتەوە لەوەی، کە سەرەتا کۆمپانیا نرخی ئامێرەکەی بە ٩٠ دۆلار دیاری کردبوو، بەڵام ئەوان رێئیان نەداوە بفرۆشرێت و ڕایانگرتووە، ئێستایش کە نرخی ئامێرەکە کراوە بە ٣٩ ھەزار دیناری عێراقی و سیستەمی وەرگرتنی کەنالەکانیش بە کارت کاری پێدەکرێت.
وەک سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر گوتی "ئەم پرسە دەبێتە بابەتێکی ئابووری و کۆمپانیاکە بە ناوی ئامێرەکە و فرۆشتنی کارت بە کڕیاران پارەیەکی بەردەوام لە خەڵک رادەکێشێت. راستە ئێستا دەڵێ بە خۆڕایی پەخش دەکرێت، بەڵام دواتر دەیکاتەوە بە پارە."
بەڵام هەرچی محەممەد گەردییە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری، پێی وایە، پارەی کارت لە ھاووڵاتیان وەرناگیرێت و سیستەمێکی سەرکەوتووە بۆ بەسیستەمکردنی کەناڵە ناوخۆییەکان و دەشڵێ "بەھۆی ئەو ئامێرەوە، ھاووڵاتیان دەتوانن سوود لە پەخشی ١١٠ کەناڵی نێوخۆیی وەربگرن و کۆمپانیا پەخشی چەند کەناڵێکی وەرزشییش بەبێ بەرامبەر پەخش دەکات، ئەو کەناڵانەی ھاووڵاتیان ساڵانە پارەیەکی زۆر دەبەخشن بۆ سوودوەرگرتن لە پەخشەکانیان."
بەپێی سیستەمی نوێی پەخشی کەناڵە ناوخۆییەکان بێت، ھەر ھاووڵاتییەک ئامێرێک لە بازاڕ نەکڕێت، ئەوا ناتوانێت سوودمەند بێت لە پەخشی کەناڵە ناوخۆییەکان و لە دەرەوەی سەنتەری شارەکانی ھەرێمی کوردستان ئێستا زۆرێک لە کەناڵە ناوخۆییەکان پەخشیان وەستاوە.
عیماد رەفعەت دەڵێ، بڕیارە رۆژی دووشەممەی دابێ ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر کۆ ببێتەوە و تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکەش پرسی دانانی ئەو ئامێرەیە لەلایەن کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتەوە، "لیژنەی رۆشنبیری راپۆرتێکی ئامادە کردووە و لەمبارەیەوە وردەکاریی گفتوگۆی پێشووی نێوان لیژنەی رۆشنبیری و کۆمپانیا دەخەینە بەردەم سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، ھەموو ھەوڵێکیش بۆ بەرگریکردن لە مافی هاووڵاتیان."
KDP
