یەکێتی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر سفرەی بۆ ڕازاندنەوە و ئێستاش پێیان دەڵێ میلیشیا

 یەکێتی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر سفرەی بۆ ڕازاندنەوە و ئێستاش پێیان دەڵێ میلیشیا
دوو لەو پەرلەمانتارانەی کە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری گرووپێکی سەر بە حزبەکەیان، سفرەیان بۆ سەرکردەکانی حەشدی شەعبی لە ماڵەکانیاندا دەڕازاندەوە، ئێستا کە مەترسی کەوتووەتە سەر بەرژەوەندییەکانیان، ئەو هێزانە بە ”میلیشیا“ وەسف دەکەن.

چەند ڕۆژێک لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، وێنەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە تێیدا دەرکەوت، کەریم نووری، سەرکردەی حەشدی شەعبی و چەند سەرکردەیەکی دیکەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، لەلایەن هەریەک لە شوان داودی و بێستوون زەنگەنە، پەرلەمانتارانی سەر بە گرووپەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خوانیان بۆ ئامادە کراوە و لەسەر سفرەی نانخواردن دەرکەوتوون، بەو هۆیەشەوە کاردانەوەیەکی زۆر درووست بوو و بە بەڵگەیەکی دیکەی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەقەڵەم درا، بەڵام هەردوو پەرلەمانتارەکە و میدیاکانی سەر بەو گرووپە، بەرگرییان لە هەڵسووکەوتەکە کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٣٠ی ئایاری ٢٠١٨ و دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە حەوت مانگ بەسەر ئەو سفرە ڕازاندنەوەیەی دوو پەرلەمانتارەکەی یەکێتی بۆ حەشدی شەعبی، بەهۆی ئەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیاری ژماردنەوەی ١٠٪ی دەنگەکانی پارێزگای کەرکووکی بە دەست دەرکردووە و یەکێتی ترسی لەدەستدانی ئەو کورسییانەی هەیە کە لە کەرکووک بەدەستی هێناوە و لایەنەکان بانگەشەی ساختەکاری دەکەن. هەریەک لە ڕێبوار تەها و شوان داودی و بێستوون زەنگەنە، پەرلەمانتارانی کەرکووکی یەکێتی لە پرێس کۆنفرانسێکدا نیگەرانیی خۆیان لەمبارەیەوە دەربڕی.

هاوکات شوان داودی، پەرلەمانتاری یەکێتی ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەوان لە ژماردنەوەی دەستیی ئەنجامەکانی دەنگدان لە کەرکووک ناڕازین، بەهۆی ئەوەی ماوەی سێ هەفتەیە هێزێکی چەکداری سەر بە بەرەی تورکمانی دەستیان بەسەر ئەو شوێنەدا گرتووە کە کۆمسیۆن بۆ هەڵگرتنی سندووقەکانی دەنگدان تەرخانی کردووە.

شوان داودی ئەو هێزەی سەر بە بەرەی تورکمانی کە بەشێکە لە حەشدی شەعبی، بە ”میلیشیا“ وەسف کرد و جێگری سەرۆکی ئۆفیسی کەرکووکی کۆمسیۆنی بەوە تۆمەتبار کرد کە سەر بە بەرەی تورکمانە و کلیلی ئەو ژوورانەی بە ”میلیشیاکەی بەرەی تورکمانی“ داوە تاوەکوو دەستکاریی کاغەزەکانی نێو سندووقەکان بکەن. بۆیە بەرپرسیارێتیی دۆخەکەی خستە ئەستۆی کۆمسیۆن و حکوومەتی عێراق.









باسنيوز
Top