مەحموود محەمەد، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی : ئێستاش بە ژماردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن بە دەنگ ڕازین

مەحموود محەمەد، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی : ئێستاش بە ژماردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن بە دەنگ ڕازین
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات، وەکوو پارتی پێشتریش ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە ڕازین بەوەی دەنگی دەنگدەران بە دەست هەژمار بکرێتەوە و ئێستاش هەر لەسەر ئەو بۆچوونەیان سوورن.



مەحموود محەمەد، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، لەبارەی داواکاری بۆ ھەڵوەشاندنەوەی دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقەوە ڕاگەیاند: ”ئەوانەی کە زیانیان پێ کەوتووە، یان دەرنەچوون، ئەم بابەتە زیاتر دەورژێنن، بەڵام ئەوەش ماوەتەوە سەر ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە تا چەند یاسایین؟ ئایا ئەوان دەسەڵاتی ئەوەیان ھەیە کە بڕیاری لەو جۆرە دەربکەن یان نا؟، ئەگەر بڕیاریان دەرکرد، ئایا حکوومەتی عێراقی پابەندە بە جێبەجێکردنیەوە؟ ئەوەش دەمێنێتەوە سەر ئەو کەسانەی شارەزای یاسان و بۆچوون لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕن“.



گوتەبێژەکەی پارتی دیموکراتی، ئەوەشی خستە روو کە ئەوان پێشتریش ڕایانگەیاندووە، دەکرێ لە ھەر شوێنێک پێویست بێ، دەنگەکان بەدەست بژمێردرێتەوە، ھەروەھا لە ڕاگەیاندنی فەرمی مەکتەبی سیاسیی پارتیش جەختیان لێ کردووەتەوە.



ئاشکراشی کرد، کە ئەوانیش تێبینییان لەسەر ھەندێک شوێن ھەیە، بەڵام ”بەو مانایە نییە کە کۆی پڕۆسەکە ڕەت بکەینەوە، بەڵکو ئەو گرفتانەی کە ھەیە، دەکرێ بەشێوازێک کە لایەنەکان گلەییان ھەیە لە شێوازی بەڕێوەچوونەکەی یان ھەر بابەتێکی دیکە، بڕوایان پێ بھێنرێ، چ بەشێوەی ژماردنەوەی دەستی بێ، یان بەشێوەی ڕێژەیی بۆ نموونە ھەتا زۆرینەش بکرێ کێشەی نییە“. گوتیشی: ”ئێمە لەگەڵ ئەوەین، بە شێوەیەکی ڕێک و پێک بەرنامەکە بەڕێوە بچێت و لەو تەمومژاوییە بێتە دەرێ و شەفافییەت لە کارەکان ھەبێ کە ئەنجام دراوە“.



گوتەبێژی فەرمیی پارتی کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەشە، بۆ (باسنیوز)، ئاماژەی بەوەش دا کە بارودۆخی ئێستای عێراق بەشێوازێکە، ئەم ھەوڵە زیاتر دەیخاتە گێژاوێکەوە کە لەبەری دەرناچن و کێشەکان زۆر لەوە زیاتر دەبێ کە ئێستا لەبەر دەستی ھەندێ لایەندا ھەیە، لەبری ئەوەی ھەوڵێک بێ بۆ چاک کردنەوەی بارودۆخەکە، ھەوڵێکە زیاتر بۆ تێکدان و دروستکردنی گێژاوەیەکی سیاسی کە نازانن کۆتاییەکەی بە کوێ دەگات، بۆیە ”پێمان باشە کە ڕێکارە یاساییەکان جێگەی خۆیان بگرن، کە لەھەر کوێ پێویستە بەدەست بژمێردرێ، نەک بەشێوەیەکی گشتی، چونکە ویستی خەڵکەکەیە، نەک ھەڵوەشاندنەوەی ھەڵبژاردنەکان، نەک بابەتی تێکچوونی بارودۆخەکان، ئێمە لەگەڵ ئەوە داین بە شێوازێک کارەکان ئەنجام بدرێن کە ھەڕەشە نەکەوێتە سەر سەقامگیری“.






باسنيوز
Top