له‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی دوو كه‌یسی گه‌نده‌ڵی زیاتر له‌ ملیارێك دینار گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی گشتی

له‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی دوو كه‌یسی گه‌نده‌ڵی زیاتر له‌ ملیارێك دینار گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی گشتی
به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان له‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی دوو كه‌یسی گه‌نده‌ڵی و سزادانی تاوانباران كه‌ له‌ گه‌نده‌ڵییه‌كان تێوه‌گلاون، توانراوه‌ زیاتر له‌ ملیارێك دينار بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ حه‌زێنه‌ی گشتی.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، له‌ كه‌یسی یه‌كه‌م، تاوانبارێك به‌ناوی (ك.ر.ا)، چه‌كی بانكی له‌ به‌ڵێنده‌ران كڕیوه‌ته‌وه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی نه‌قد له‌ بانك خه‌رجی كردووه‌ته‌وه‌.

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌، له‌و كه‌یسه‌دا تاوانبار به‌ گویره‌ی مادده‌ی 15ی یاسای ده‌سته‌ی ده‌سپاكی، به‌ شێوه‌یه‌كی غیابی سزای 7 ساڵ زیندانیكردنی بۆ ده‌رچووه‌ و بڕیی 1 ملیار و 972 ملیۆن و 299 هه‌زار دیناریش گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی گشتی.

له‌ كه‌یسی دووه‌میشدا، به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، تاوانبار (ف.ر.ع)، پاره‌ی هاووڵاتییانی بردووه‌ كه‌ بۆ هه‌قی كاره‌با داویانه‌، به‌ گوێره‌ی مادده‌ی 315 سزای 7 ساڵ زیندانی بۆ ده‌رچووه‌، بڕی 9 ملیۆن و 448 هه‌زار و 500 دیناریش گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی گشتی.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌وه‌ به‌وه‌ كراوه‌، هه‌ردوو كه‌یسه‌كه‌ له‌ دادگای تاوانه‌كانی سلێمانی یه‌كلا كراونه‌ته‌وه‌.
kdp -
Top