شێخ جه‌عفه‌ر: نزیکەی ٥٠٠ چەکداری داعش لە سنووری دیالە بە ئاشکرا جموجووڵ دەکەن
دوای تێكشكانی داعش له سنووری دیاله له لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگەوە، كرده‌وه‌ی تیرۆریستی به شێوه‌یه‌كی زۆر به‌رچاو كه‌می كردبوو و هێزی پێشمه‌رگه توانیبووی كۆنترۆڵی دۆخه‌كه بكات، به‌ڵام دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و نه‌مانی هێزی پێشمه‌رگه له‌و ناوچانه هێزه عێراقییه‌كان نه‌یانتوانیوه كۆنترۆڵی دۆخه‌كه بكه‌ن و بۆشاییه‌كی ئه‌منی دروست بووه و داعش جارێكی دیكه سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه و به‌رده‌وام كرده‌وه‌ی تیرۆریستی له ناوچه‌كه دەکەن.
شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، به‌رپرسی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان له خانه‌قین، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "له دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌رەوە جموجووڵی داعش له ناوچه‌كه زۆر زیادی كردووه و پێشتر گرووپ گرووپ به ماتۆرسكیل ده‌هاتن ته‌قه‌یان له خه‌ڵكی ده‌كرد و ده‌یانڕفاندن، به‌ڵام ئێستا ژماره‌یان زۆر زیادی كردووه كه ده‌گاته نزیكه‌ی 500 چه‌كدار و شه‌وانه ده‌چنه سه‌ر گونده‌كان و ته‌قه له خه‌ڵكی ده‌كه‌ن و ده‌یانكه‌نه ئامانج، به‌تایبه‌ت له سنووری گونده‌كانی پاڵانی، كه ڕه‌نگه خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ش ده‌ستی له‌گه‌ڵیان هه‌بێت."
شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا گوتی: "ئێستا وای لێهاتووه داعش شه‌وانه به ئاشكرا هێرش ده‌كاته سه‌ر گونده‌كان و هێزه عێراقییه‌كانیش توانای پاراستنی ئه‌وانی نییه، بۆیه خه‌ڵك خۆیان شه‌وانه پارێزگاری له خۆیان ده‌كەن، چونكه پێشتر پێشمه‌رگه پارێزگاری لێ ده‌كردن و ئه‌و هێزانه‌ی ئێستاش توانای پاراستنی ناوچه‌كه‌یان نییه."
له‌باره‌ی هاتنی دوو فه‌وجی هێزی عێراقی بۆ سنووری جه‌له‌ولا، ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی گوتی: "سه‌ره‌تا ئه‌و هێزه هاتن باسیان له‌وه كرد له‌سه‌ر داواكاریی خه‌ڵك هاتوون، به‌ڵام دواتر خه‌ڵكه‌كه باسی له‌وه كرد ڕاست نییه و ئێمه داوامان نه‌كردووه، چونكه هاتوون و چوونه‌ته سه‌ر ماڵی كادیرانی ئێمه و كردوویانه‌ته باره‌گای خۆیان و كۆمه‌ڵێك له خه‌ڵكیش له ترسی هاتنی ئه‌و هێزه ئاواره بوونه و چوونه‌ته كه‌لار."
kdp -
