كێشەكەی سەرگەڕان سەری هەڵداوەتەوە.. عەرەبەكان بە چەكەوە دەچنە سەر ماڵە كوردەكان
لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، پرۆسەی بەعەرەبكردن لە سنووری كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە دەستی پێ كرد و حكوومەتی عێراق جارێكی دیكە عەرەبی بۆ ئەو ناوچانە هاوردە دەكرد و دەستیان بەسەر مڵك و ماڵی كوردەكاندا دەگرت، لە سنووری شارەدێی سەرگەڕانیش عەرەبێكی زۆر بۆ گوندەكان هاتوون، بە تایبەت بۆ گوندی بەلكانەی سەر بەو شارەدێیە و دەیانەوێت بە زۆر موڵك و ماڵی كوردەكان داگیر بكەن، كوردەكانیش رێگری دەكەن و ئامادە نین دەستبەرداری مڵك و ماڵی خۆیان ببن.
عەدنان كەركووكی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك_ گەرمیانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، حكوومەتی عێراق نووسراوی بۆ پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت كرد بۆ ئەوەی عەرەبەكانی سنووری شارەدێی سەرگەڕان جارێكی دیكە رێگەیان پێ بدرێت بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكە و مڵك و ماڵی كوردەكان داگیر بكەن و ئەویش رەزامەندیی دا و عەرەبێكی زۆر گەڕانەوە كە ئەوكات كێشەیەكی گەورە دروست بوو، چونكە كوردەكان بەرگرییان كرد و بە هیچ شێوەیەك ئامادە نەبوون دەستبەرداری موڵك و ماڵی خۆیانن ببن، بۆیە بە شێوەیەكی كاتی ئەو كێشەیە كۆتایی هات".
عەدنان كەركووكی گوتیشی: "ئەو عەرەبانەی كە هێشتا لە ناوچەكەدا ماون و نەگەڕاونەتەوە بۆ شوێنی خۆیان، بە چەك هێرشی سەر ماڵە كوردەكانیان كردووە و ویستوویانە بە زۆر مڵك و ماڵیان داگیر بكەن و كوردەكانیش بێ چەك بوونە، بەڵام بەرگرییان كردووە و رێگەیان نەداوە داگیری بكەن، دواتر هێزە عێراقییەكان چوونەتە نێوانیان و لە ئێستادا شەڕەكە راگیراوە، بەڵام سەرەڕای ئەمەیش، هێزە عێراقییەكان پشتی عەرەبەكان دەگرن، چونكە هێنانی ئەو هێزانە بۆ ئەو ناوچەیە، بۆ پشتگیریكردنە لە عەرەبەكان دژی كوردەكان".
لە سەردەمی رژێمی بەعسی ڕووخاودا، عەرەبێكی زۆر هاوردەی سنووری كەركووك كران بە مەبەستی بەعەرەبكردن، بەڵام دوای ڕووخانی رژێمی بەعس و بەپێی ماددەی 140، ئەو عەرەبانە گەڕێندرانەوە بۆ شوێنی خۆیان و هەمووانیش قەرەبوو كرانەوە، وەلێ دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، جارێكی دیكە پرۆسەی بەعەرەبكردن دەستی پێ كردووەتەوە و ئەو عەرەبانە دەگەڕێندرێنەوە بۆ ئەو ناوچانە.
پیشتر لوقمان حوسێن، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوتبوو "ھێشتا عەرەبە شۆڤێنییەکان ڕژدن لەسەر داگیرکردنی گوندە کوردستانییەکان و لە شوێنی خۆیان ماون، ھەموو ئەو لیژنانەی سەردانی ناوچەکەیان کردووە نەیانتوانیوە کێشەکە چارە بکەن و پاشەکشە بە عەرەبە ھاوردەکان بکەن. سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری ناوخۆی عێراقیش بەڵێنی خۆیان نەبردە سەر بۆ ئەوەی ھێزی ئەمنی لە گوندە کوردستانییەکان پاشەکشە بکەن و عەرەبی ھاوردە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان."
ناحیەی سەرگەڕان سەر بە قەزای دوبزی پارێزگای کەرکووکە و عەرەبە شوڤێنییەکان لە مووسڵ و تکریت لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ھاتوونەتە ناوچەکە و دەیانەوێ بە زۆر زەویی کورد داگیر بکەن.
kdp -
