شەلال عەبدول: مەترسیی کەوتنی ڕۆژئاوای خورماتوو هەیە
چەند ڕۆژێک دوای داگیرکردنی قەزای خورماتوو، حەشدی شەعبی و دەسەڵاتدارانی عێراق فشاریان خستە سەر ئەنجومەنی قەزای خورماتوو و پارێزگای دیالە بۆ لادانی قایمقامە کوردەکەی قەزای خورماتوو لەگەڵ ژمارەیەک بەڕێوەبەری دیکەی کورد لەو قەزایە. لەم بارەیەوە، شەلال عەبدول، قایمقامی قەزای خورماتوو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشتر لە دادگای عێراق سکاڵامان لەبارەی لادانم لە پۆستی قایمقامی خورماتوو تۆمار کردبوو، بەڵام دیارە سکاڵای ئێمەیان بە لاڕێدا برد و کردیان بە پرسێکی سیاسی، دادگای فیدڕاڵی لە بەرژەوەندیی ئەوان، واتە ئەنجومەنی قەزاکە بڕیاری دەرکرد."
بە کەڵکوەرگرتن لە پڕۆسەی داگیرکاری و تێکدانی تەوافوقی سیاسی، ساڵی ڕابردوو چەند بڕیاری دژی کورد لە بەغداوە دەرچوون و بەشێک لەو بڕیارانەش لە ڕووی یاساییەوە ھیچ بەھایەکیان نییە و تەواو مۆرکی سیاسییان پێوە دیارە. قایمقامی خورماتوو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پێم وایە بڕیارێکی نایاساییە و بڕیارە لە چەند ڕۆژی دابێ سەردانی شاری بەغدا بکەم و لە دادگای باڵای فیدڕاڵی تانەم لە بڕیاری دادگا داوە و داوای تەمیزم کردووە، پێشم وایە چونکە بڕیارەکە یاسایی نەبووە، ڕەنگە لە لایەن دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە ھەڵبوەشێندرێتەوە."
لەبارەی ڕەوشی ئەمنیی قەزای خورماتوو و جووڵەی داعشەوە لەو سنوورە، شەلال عەبدول ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ڕەوشی قەزای خورماتوو ئێستا ھەندێک باشترە لە ماوەکانی پێشوو، بەڵام لە دەوروبەری سەنتەری قەزای خورماتوو، بەتایبەت لە ڕۆژئاوای قەزاکە، سنوورەکان بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵ نەکراون و لە داعش پاکسازی نەکراون و مەترسیی گەورە هەیە کە داعش دەستیان بەسەردا بگرێت، چونکە چالاکیی گرووپی تیرۆریستیی داعش لەو ناوچەیە زیادی کردووە."
kdp-
