كەركووك.. دۆخی خزمەتگوزاری و پێدانی كارەبای نیشتمانی لە گەڕەكە كوردنشینەكان خراپە
ئەدهەم جومعە، بەرپرسی بزووتنەوەی مافی كورد كە ئەو بزوتنەوەیە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 دامەزراوە لە كەركووك، ئەمڕۆ سێشەممە 29/5/2018، ڕایگەیاند: "لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە ساڵی رابردووەوە دۆخی پێدانی كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان كەم بوەوە، بەڵام ئەوە ماوەیەكە پێدانی كارەبای نیشتمانی بەگشتی لە كەركووك زیاتر كەم بووەتەوە و بەتایبەت لە گەڕەكە كوردنشینەكان و ئێستاش كەشوهەوا گەرم بووە و دۆخی كارەبا خراپە و بەتایبەت ئێستا كە زۆرینەی كەركوكییەكان بەڕۆژوون".
ئەدەهەم جومعە گوتیشی: "پێش ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك، بە هاوكاریی لایەنە سیاسییەكان حاڵەتێكی وایان دروست كردبوو كە كەركووك بە شێوەیەك لە شێوەكان دۆخی پێدانی كارەبای بە بەراورد لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگاكانی عێراق باشتر بوو، بەڵام لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، زۆربەی خزمەتگوزارییەكان خراپ بوون و بەتایبەت كارەبای نیشتمانی".
روونیشی كردەوە: "پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كاتێك مانگانە بەرنامە و خشتە بۆ مۆلیدە ئەهلییەكان لەلایەن ئیدارەی كەركووكەوە دادەنرا، خاوەن مۆلیدەكان پابەند دەبون بەو بەرنامە و خشتانەوە، لەبەر ئەوەی نەجمەدین كەریم سەرپێچیكارانی ڕووبەڕووی یاسا دەكردەوە، بۆیە ئەوانیش یاسایان پێشێل نەدەكرد و پابەندی بڕیارەكان دەبوون، بەڵام ئێستا بڕیار دەدەدەچێت و جێبەجێ ناكرێت، بەتایبەت خاوەن مولیدە ئەهلییەكان ناترسن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ناكرێت، چونكە بەشێكیان لەكاتی پچڕانی كارەبای نیشتمانیدا بە ئارەزووی خۆیان كارەبا دەدەنە هاووڵاتییان".
لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 میلیشیاكانی حەشدی شەعبی شاری كەركووكیان بە رێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكار داگیر كرد و ئێستاش هاوکات لەگەڵ خراپیی دۆخی ئەمنیی شارەكە، بەمەبەست دۆخی خزمەتگوزارییەكان بەتایبەت پێدانی كارەبای نیشتمانی لەلایەن دەسەڵاتی سەپێنرای كەركووكەوە كەمتر بە گەڕەكە كوردنشینەكان دەدرێت.
باسنیوز
