پەرلەمانتارێکی پارتی لێدوانی پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی بەدرۆ دەخاتەوە
نەدا مێرگەسۆری، ئەندامی ئەنجومەنی نیۆنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ٢٨ی ئەم مانگەی پەرلەمانی عێراق تەنیا بڕیار لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردنی دەرەوەی وڵات، ئاوارەکانی ئەنبار، سەلاحەدین و نەینەوا و دیالە، جگە لە کەمینەکان دراوە".
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بڕگەی دووەمی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق ھەژمارکردنەوەی ١٠%ی سندووقەکانە بەدەست لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق کە ئەگەر دەرکەوت، ئەنجامەکە بە ڕێژەی ٢٥% جیاوازی لە ئەنجامی دەنگدانی ئەلیکترۆنی ھەبوو، ئەوکاتە بڕیار لەسەر ژماردنی دەستی لە سەرتاسەری عێراق و ھەرێمی کوردستان دەدرێت".
ئەو پەرلەمانتارە روونیشی کردەوە: "بەپێی مادەی ١٠٢ی دەستوور، کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان لە عێراق ملکەچە بۆ چاودێریی پەرلەمان و بڕیارەکانی پەرلەمان بۆ سەرجەم دەستەکان، لەناویشیاندا کۆمسیۆن، بڕیاری پابەندین (مولزەمن)".
مێرگەسۆری ئەوەشی ئاشکرا کرد: "ھێشتنەوەی دانیشتنەکان بە کراوەیی لەلایەن پەرلەمانەوە، بۆ بانگھێشتکردنی ئەندامانی کۆمسیۆن و وەرگرتنەوەی متمانەیە لێیان، بۆیە کۆبوونەوەی داھاتووی پەرلەمان پێویستی بە ڕێژەی یاسایی نییە، چونکە دانیشتنەکە بە کراوەیی ھێڵراوەتەوە، ئەگەر لە حاڵەتێکیشدا کۆمسیۆن وەڵامی بڕیارەکانی پەرلەمان نەداتەوە، بانگی ئەندامانی کۆمسیۆن دەکرێت و رێکاری پرسیار و وەڵام و سەندنەوەی متمانە دەگیرێتەبەر".
ئەم قسانەی نەدا مێرگەسۆری لە کاتێکدایە کە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 28/5/2018، ئەحمەدی حاجی رەشید، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی ڕای گەیاندبوو کە یەکێک لە بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق، بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و کەرکووک.
باسنیوز
