شاندێكى ئەنەكەسە له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ڕووسیا كۆ ده‌بنه‌وه
شانده‌كه‌ی ئه‌نه‌كه‌سه بۆ ڕووسیا بە سەرۆكایەتیی سعوود مەلا، سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد، لە كامەران حاجۆ و ئیبراهیم برۆ ئەندامانی ئەنجومەن پێك دێت .
له لێدوانێكى تایبه‌تدا له ڕووسیاوە، كامەران حاجۆ له‌باره‌ى سه‌ردانه‌كه‌یانەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وه‌كو شاندێكى ئه‌نه‌كه‌سه سه‌ردانى ڕووسیامان كردووه و بڕیاره سبه‌ى 29ى مانگ له وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و وڵاته له‌گه‌ڵ بۆكدانۆڤ، جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ڕووسیا كۆ ببینه‌وه، چونكه ڕووسیا وه‌ك ده‌وڵه‌تێكى گرنگ ده‌بینین و به‌ڵكو گرنگترین ده‌وڵه‌ته له پرسى سووریادا."
حاجۆ گوتی: " له‌و سه‌ردانه‌ماندا پرسى كورد ده‌گه‌یەنین به به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ڕووسیا و باسی پاشه‌ڕۆژى پرۆسه‌ى سیاسى له سووریا و نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوور و ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن و ڕه‌وشى عه‌فرین و پاشه‌ڕۆژى ڕۆژهه‌ڵاتى فورات و ئەو گۆرانكارییانە ده‌كه‌ین كه ڕوو ده‌دەن و مه‌ترسیى ئێمه له‌و گۆڕانكارییانه یه‌كێكى تر ده‌بێت له باسه‌كانمان، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ڕووسیاش ته‌وه‌رێكى تر‌ى نێو كۆبوونه‌وه‌كه‌مان ده‌بێت ".
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنەكەسە ڕوونیشی كردەوە: "ده‌مانه‌وێت بزانین له‌باره‌ى پاشه‌ڕۆژى سووریا و ئێمه‌ى كوردەوە ڕووسیا چى لایه، چونكه شتى هه‌ره گرنگ لاى ئێمه مافى میلله‌تى كورده کە پارێزراو بێت و له ده‌ستووریشدا كه بڕیاره بێته نووسین مافى كورد بچه‌سپێت ".
ئەنجومەنی نشتمانیی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە)، ئەنجومەنێکی سیاسییە لە کۆمەڵێک پارت و ڕێکخراوی سیاسیی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان پێك دێت، لە ٢٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١١ لە ژێر چاودێریی سەرۆک بارزانی لە هەولێر دامەزراوە و، له پێناو به‌ده‌ستهێنانى مافى كوردان له ڕۆژئاواى كوردستان خه‌بات ده‌كات .
kdp -
