چاودێران: هەبوونی كورد لە پێكهێنانی حكوومەتی عێراقدا، خواستێكی نێودەوڵەتی و ئیقلیمییشە
لە حەفتەی رابردوودا، شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرپەرشتیی فازڵ میرانی، چوونە بەغدا و لەگەڵ لایەنە عێراقییەكاندا كۆ بوونەوە. ئێستایش لایەنە عێراقییەكان كەوتوونەتە گفتوگۆ بۆ دروستكردنی گەورەترین هاوپەیمانیی پەرلەمانی بە مەبەستی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و، هەموو ئاماژەكانیش بۆ ئەوەن كە حكوومەتی نوێی عێراق، تەواوی پێكهاتەكان تێیدا بەشدار دەبن.
كورد ڕۆڵی گەورە و كاریگەری دەبێت
لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و ڕۆڵی كورد تێیدا، سامی ڕێكانی، چاودێری سیاسی، گوتي: "كێبڕكێی پێكهێنانی حكوومەت بەردەوام دەبێت لە نێوان بەرەی ئێران و ئەمەریكادا و بگرە لەنێو عێراقیشدا، بەمەیش پێگەی كورد لە هاوكێشەكەدا بەهێز دەبێت و هەموو لایەنەكان پێویستیان بە كورد دەبێت و دەگەڕێنەوە بۆ لای كورد ، هەروەها هەموو لایەنەكانی دەرەوەش پێیان باشە "سائیروون" كوتلەی هەرە گەورە بێت و هەموو پێكهاتەكانی عێراق، بە سوننە و شیعە و كوردەوە، پێگەی بەهێزیان هەبێت".
ڕێكانی، دەشڵێت: "لە كۆتاییدا بەرەی سائیروون، بەرەی ئێرانی و بەرەی ئەمەریكاییش رازی دەكات كە لە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراقدا پشكدارییەكی باشی هەبێت، بەڵام بەرەی ئێرانی پشكدارییەكی ئەوتۆی بە هێزی نابێت لە حكوومەتی داهاتوودا، وەلێ كورد ڕۆڵی گەورە و كاریگەر دەبینێت".
ئەو گوتیشی: "لایەنی كوردی بە تایبەتی پارتی و یەكێتی، لە پێكهێنانی ئەم حكوومەتەدا لەسەر پۆستەكان ڕێك دەكەون بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستانیشدا بە تەوافوق پۆستەكان لە نێوخۆیاندا دابەش بكەن".
"هەبوونی كورد لە پێكهێنانی حكوومەتی عێراقدا، خواستێكی نێودەوڵەتی و ئیقلیمییشە، چونكە هەبوونی كورد واتای هەبوونی سوننەشە، لەبەر ئەوەی ئێستا سوننە هێزی جارانی نەماوە و دەبێت كورد پشكداریی هەبێت، بۆ ئەوەی تەواوی لایەنەكان پشكداری بكەن و شەرعییەتی یاساییش بداتە ئەم حكوومەتە". ئەمە قسەی ڕێكانی بوو.
ئاماژەیش دەدات: "هاوپەیمانیی كورد پێویستە و لە گفتوگۆیشدا هەر یەكێك ئازادە، بەڵام لە بڕیاردان لەسەر پرسە نەتەوەییەكاندا، زۆر گرینگە كۆدەنگییەك هەبێت".
هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن مەحاڵە
هەندێك لایەن هەڕەشەی بایكۆتی پرۆسەی سیاسیی عێراق دەكەن و هەندێكیش دەڵێن ساختەكاری كراوە و پێویستە ئەنجامەكان هەڵبوەشێنرێنەوە. لەو بارەیەوە، ڕێكانی گوتی: "لە هەموو ڕوویەكەوە ناچێتەئەقڵەوە ئەنجامی هەڵبژاردن هەڵبوەشێنرێتەوە، كۆمەڵگای نێودەوڵەتییش پێی باش نییە ئەم كارە بكرێت، هەروەها كۆمسیۆنیش ئەم كارە ئەنجام نادات و هەنگاوی زۆری دەوێت تا دەگاتە دادگای فیدراڵی، بۆیە ئەستەمە ئەنجامەكان هەڵبوەشێنرێنەوە".
لە لایەكی دیكەوە، جەمال چەلكی، چاودێری سیاسی، دەڵێ: "لەم هەڵبژاردنەدا پشتگوێخستنی كورد شتێكی ئاسان نییە، هەموو لایەنەكان پێویستان بە كوردە و كوردیش بەشێك دەبێت لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا".
چەلكی، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژە دەدات: "هیچ لایەنێك ئەوەندە بێمنەت نییە بتوانێت پێكهاتەیەكی وەك كورد پشتگوێ بخات و بێ كورد حكوومەت پێك نایەت".
ئەو هەروەها گوتیشی: "ئێستا عێراق بە تەواوەتی پێویستی بە حكوومەتێكی خاوەن ئیرادەیە، ئەگەرنا حكوومەتەكە تەمەنێكی درێژ نابەتە سەر، چونكە پێشتریش حكوومەتی عێراق لەسەر بنەمای تەوافوق پێك هاتووە، بەڵام بەغدا پێشێلی دەستووری كردووە، ئەگەر حكوومەتی عێراقیش مافی گەلی كورد و خەڵكی عێراقیش نەدات، دەكەوێتە بەر شاڵاوی ناڕازیبوونی خەڵك".
یەكهەڵوێستیی كورد
هەر سەبارەت بەو پرسە، موئەیەد تەییب، چاودێری سیاسی، ڕایدەگەیێنێت: "لایەنە عەرەبییەكان لەوە تێگەییشتوون كە كورد زیاتر لە مافی خۆی بەدەست هێناوە و، ئینجا ئێمەیش چاوەڕێی هیچ شتێك ناكەین لە دەرەوەی دەستوور، لە دوای نووسینی دەستوور و تا ئەم دواییانەیش، كە كورد یەكهەڵوێست بوون، پێگەیان بەهێز بوو".
تەییب، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "جێگای داخە ئێستا لایەنە كوردستانییەكان لەسەر چوون بۆ بەغدا یەكهەڵوێست نین و دەبێت لایەنە كوردییەكان لەوە تێبگەن چوون بۆ بەغدا و گفتوگۆكردن و كێشەی كورد لە بەغدا، كێشەی پارتی و یەكێتی نین بە تەنیا، بەڵكوو كێشەی كوردن لەگەڵ بەغدادا".
ئەم چاودێرە سیاسییە دەشڵێ: "یەكهەڵوێستیی كورد لە بەغدا زۆر گرینگە و ئەگەر یەكهەڵوێست نەبین، ئەوان بە دڵی خۆیان كارەكانی خۆیان ئەنجام دەدەن".
لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنیشەوە، گوتی: "لایەنە ناڕازییەكان تانەیان پێشكەشی كۆمسیۆن كردووە و ئێستا هەوڵێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكان هەیە، بەڵام ئەگەر پەرلەمانیش بەمە رازی بێت، دادگای فیدراڵی تانەی لێ دەدات و بڕیارە كە سەر ناگرێت و منیش بە مەحاڵی دەزانم".
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە ١٩-٥-٢٠١٨ ئەنجامی فەرمی و كۆتایی هەڵبژاردنەكانی رایگەیاند، هاوپەیمانی ''سائیروون'' بە پلەی یەكەم هات بە ٥٤ كورسی، دواتر هاوپەیمانیی ''فەتح'' بە ٤٨ كورسی و پاشانیش هاوپەیمانیی ''نەسر'' بە ٤٢ كورسی و هاوپەیمانیی "دەوڵەتی یاسا"ـیش ٢٦ كورسی و پارتی دیموكراتی كوردستانیش بە ٢٥ كورسی.
KDP
