گۆڕان: زانیاریمان لایە کە یەکێتی پیلانێکی دیکەشی لە دژمان هەیە
خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان ڕايگەیاند: ”بە گوێرەی ئەو زانیارییەی دەستم کەوتوون، یەکێتی ڕۆژی شەممە ٢٦\٥\٢٠١٨ کۆبوونەوەیەکی کردووە و بەرنامەیان بۆ دەرکردنی ئەو بەرپرس و بەڕێوەبەرانەی گۆڕان لە حکوومەتی خۆجێیی پارێزگای سلێمانی ھەیە".
هەر لەمبارەیەوە عادل عەزیز، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، ڕايگەیاند: ”ئێمە وەک بزووتنەوەی گۆڕان، بە هەموو شێوەیەک یەکێتیمان بایکۆت کردووە، ئەویش لەبەر ئەو دۆخەی لە هەڵبژاردندا ڕووی دا“.
جەختیشی کردەوە کە ئەو پۆستانەی لە سلێمانی هەیانە، “یەکێتی بەخێری خۆی” پێی نەداون، بەڵکوو “شایستەی هەڵبژاردنە”.
عادل عەزیز دووپاتی کردەوە: “بەردەوام یەکێتی ساختەکارییان لە ئێمە کردووە، سەرەڕای ئەوەش ئێمە کێشەمان لەگەڵ یەکێتی بە تەنیا نییە، لەگەڵ پارتیش هەمانە“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوو بەردەوام بەرپرسانی یەکێتی باسیان لەوە کردووە، ماوەی مانەوەی هەڤاڵ ئەبوبەکر لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی، بەپێی ڕێککەوتنی دووساڵ بە دووساڵی نێوان یەکێتی و گۆڕان، کۆتایی هاتووە و دەبێ پۆستەکە بە یەکێتی بدرێتەوە، بەڵام گۆڕان ڕەتی کردووەتەوە. بۆیە پێشبینی دەکرێت یەکێک لەو بەرپرسانەی گۆڕان ترسی هەیە لە ئیدارەی سلێمانی دەربکرێن، هەڤاڵ ئەبوبەکر بێت.
باسنيوز
