ئەندامێكی شاندی كۆبوونەوەكانی پارتی لەگەڵ بەغدا : تا ئێستا هیچ بەرچاوڕونییەك بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق نییە
شوان محەمەد تەها، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا و ئەندامی شاندی كۆبوونەوەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بە (باسنیوز) راگەیاند: "دۆخی عێراق ئەوەندە باش نییە بە كۆبوونەوەیەك كێشەكان یەكلایی بكرێنەوە و حكوومەت پێكبهێنرێت".
ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پارتی دیموكراتی كوردستان لەو سەردانەیدا بۆ بەغدا، هەوڵی داوە گوێ لە لایەنەكانی عێراق بگرێت و بۆچوونی خۆی لەسەر چۆنیەتیی پێكهێنانی حكوومەت بخاتە ڕوو و دۆخی عێراق پێویستی بە راستەڕیكردن هەیە".
شوان محەمەد ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەوان بۆ دەستكەوتنی پلە و پۆست نەچوونەتە بەغدا و ئێمە مەبەستمان بوو تێیان بگەیەنین بەشداریی حكوومەتێك ناكەین ئەگەر هاوبەشی راستەقینە بوونی نەبێت، ئەوەی بۆ ئیمە گرنگە تیگەیشتنە لە پرۆژەی حكوومەتی ئایندە، نەك پۆستی سەرۆكی حكوومەت".
ئەندامی شاندەكەی پارتی جەخت دەكاتەوە كە بۆ سەركردایەتیی سیاسی كوردستان و هەموو پارتە سیاسییەكان باشترە ئەگەر دڵنیا نەبن لە جێبەجێكردنی داخوازییەكانیان، بەشداری لە حكومەتدا نەكەن و ئێمە وەكوو پارتی مەرجمان لەسەر كەس نییە و مەرجیش لەسەر كەس قبوڵ ناكەین".
لەبارەی ئەگەری دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، ئەندامەكەی شاندی پارتی ێوونی دەكاتەوە: "بەهۆی ئەو بێ متمانەییەی دروست بووە، پێكهێنانی حكوومەت لە بەغدا كارێكی ئاسان نییە، ئێستاش ئەو لایەنەش كە بڕیارە حكوومەت پێكبهێنێت، بەرچاوی ڕوون نییە".
باسنيوز
