لە سلێمانی فێڵ لە کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان دەکرێت و پارەیان لێ وەردەگیرێت
ئەمڕۆ یەکشەممە 27\5\2018، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی، نووسراوێکی فەرمی بە ژمارە (3800)، کە واژۆی بەڕێوەبەری گشتی لەسەرە، ئاراستەی ھاووڵاتییان و کەناڵەکانی راگەیاندن کردووە، تێدا ئاماژەی بەوە داوە، کە ئەوان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی، ئاگاداری سەرجەم کەسوکاری ئەنفالکراوان و سەربەرزی شەھیدان دەکەوە، کە ماوەیەکە لەلایەن کەسانی نەناسراوە، تەلەفۆن بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان دەکرێت، بەمەستی بەخشینەوەی مژدە بە پێدانی زەوی و ئیمتیازات، لەبەرامبەر ناردنی باڵانسی تەلەفۆن، یان وەرگرتنی پارە، بە بیانووی زووتر راپەڕاندنی کارەکانیان.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی، جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە ئەوە دوورە لە راستییەوە، ھاوکات لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەمانەوە بکەری ئەو جۆرەکارانە، سکاڵایی یاساییان لەسەر تۆمار کراوە.
لە نووسراوەدا، ئەوەش ھاتووە، کە داوا لە کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان دەکەن، لەحاڵەتێکی لەو جۆرەدا پەیوەندییان پێوە بکەن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی، ئاشکراشی کردووە، کە ئەوان تەنیا سێ ژمارەیان ھەیە، ئەوانیش (3287820 - 3287821 - 3287822).
باسنيوز
