کارەکانی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەردەوامە

 کارەکانی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەردەوامە
لێکۆڵینەوەی لێژنەکەی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە سنووری شاری خورماتوو بەردەوامە و بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ چەند بەرپرسێک کۆدەبنەوە.

شوان شێخ ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەتایبەت لە سنووری خورماتوو، ڕایگەیاند، بەھۆی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پشووی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماوەیەک کاری لیژنەکەیان راگیرابوو.

ئەوەشی ڕوون کردەوە، لەسەر ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و ڕۆژانی دواتر، چەندین ڕاپۆرتیان ئامادە کردووە و کۆبوونەوە لەگەڵ ھاووڵاتییان و بەرپرسانی ئیداریی خورماتوو ئەنجام دراوە.

سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی دوزخورماتوو ئاشکراشی کرد: "بڕیارە لەم ماوەیەدا لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسانی ئەمنیی ئەو سنوورە کە ناویان ھاتووە، کۆبوونەوە ئەنجام بدەین و دواتریش ڕاپۆرتێک بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بەرز دەکەینەوە".

شوان شێخ ئەحمەد، جەخت دەکاتەوە کە لێژنەکەیان ھەوڵێکی جددی دەدات لە ماوەیەکی نزیکدا کارەکانی تەواو بکات، تاوەکوو چۆنیەتیی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و رۆژانی دواتر بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ڕوون ببێتەوە.

بەھۆی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ماڵی هەزاران کورد لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە تاڵان کران، ماڵی ٤٠٠ هاووڵاتیی کورد سووتێنران، زیاتر لە ٥٠ خانووش تەقێنرانەوە و ژمارەکی زۆر لە ھاووڵاتییانی کوردی خورماتوو، شەھید و بریندار بوون و چەندین خێزان ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی کوردستان بوون کە تاکوو ئێستا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان. ئەمە جگە لەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە کە لە چوارچێوەی هێرشەکەی میلیشیا شیعەکاندا بۆ سەر کوردستان، دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر ژمارەیەک ئافرەتی کورد لە خورماتوو.

ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق پەلاماری ناوچە کوردستانییەکانیان دا و زیاتر لە نیوەی ڕووبەری باشووری کوردستانیان داگیر کرد، دواتر هەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، مەلا بەختیار و شێخ جەعفەر، بەرپرسانی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەیان ئاشکرا کرد کە گرووپێک لەنێو حزبەکەیاندا خیانەتی کردووە و بە ڕێککەوتنێکی ژێربەژێر ئەو ناوچانەی ڕادەست کردووە. هەر لە سەروبەندی ڕووداوەکاندا، هەریەک لە (پاڤڵ تاڵەبانی، لاهوور جەنگی، ئاراس جەنگی، ئاڵا تاڵەبانی، شوان داودی و ئاسۆ مامەند)، هەریەکەی بە جۆرێک بەرگرییان لەو خیانەتە دەکرد و بەو هۆیەوە ئێستا بە گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ناو دەبرێن.











باسنیوز
Top