كورد له‌ نێوان هاوپه‌یمانه‌تی و مه‌ترسیی كیانه‌ سیاسییه‌كه‌یدا

كورد له‌ نێوان هاوپه‌یمانه‌تی و مه‌ترسیی كیانه‌ سیاسییه‌كه‌یدا
له‌ دوای ٢٠٠٣وه‌، كۆی لایه‌نه‌كان و خه‌ڵكی کوردستانیش تێكڕا ده‌ڵێن، ئێستا لە ھەموو کاتێک زیاتر كورد پێویستی بە یەکگرتوویی ھەیە لە بەغدا و ئەزموونی چەند ساڵەی رابردوویش سەلماندوویەتی یەکدەنگیی کوردان لە بەغدا، دەستکەوتی گەورەی بەرھەم ھێناوە. پسپۆڕێکی سیاسه‌تی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش پێی وایە، ئەمجارە کورد یەکگرتوو نەبێت، مەترسیی نەھێڵانی کیانی سیاسی و دەستووری ھەرێمی کوردستان جیددیتر ده‌بن.

یەکگرتوویی کورد تا چەند گرینگە؟
لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقه‌وه‌، کورد ھەرچەندە ناکۆکیی نێوخۆییشی ھەبووه‌، بەڵام کە دەچوونە بەغدا یەکدەنگی و یەکھەڵوێستییان ھەبوو،
دکتۆر ھاوار نێروەیی، پسپۆڕ لە سیاسەتی رۆژھەڵاتی ناوین و مامۆستای زانکۆ، جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی، كه‌ ئه‌مجاره‌ نابێت کورد شەڕ بۆ وەرگرتنی پۆست بکات لە بەغدا، چونکە کورد لە ئێستادا پێویستی بە پۆست نییە.
نێروه‌یی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی "دەبێت گوشار بخرێتە سەر لایەنەکانی کوردستان تا دەست لە بەرژەوەندیی حزبی بەردەن و بە دوای بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا بگەڕێن''، به‌ باوه‌ڕی ئه‌و، ئێستا و به‌م دۆخه‌وه‌ سەردەمێکی زێڕینە بۆ کورد و ده‌شڵێ، ھاوپەیمانیی کوردستانی ئەگەر پێک بێت، کورد ٥٨ کورسی ھەیە و دەبێتە گەورەترین ھاوپەیمانیی پەرلەمانی عێراق، جگە لەوەش ھیچ کاتێک وەک ئێستا شیعە پەرتەوازە نەبوونە و سوننەش بە ھەمان شێوە.
زیاتر له‌وباره‌ دوا و گوتی ''گەورەترین کوتلەی سوننە ١١ کورسیی ھەیە، کەواتە دەرفەت لەبارە بۆ کورد کەڵک لەو گۆڕانکارییە وەربگرێت، جگە لە یەکگرتوویی و یەکگوتاری ھیچ دەرفەتی دیکە لە پێشمان نییە.''

پارتی لەپێناو یەکگرتوویی کورد و بەدەستھێنانی دەستکەوت بۆ ھەرێمی کوردستان لە رابردوودا، زۆر جار تەنازولی لە مافی خۆی کردووە، ئەوەش وایکردووه‌ لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا بەرژەوەندییە حزبیەکانی بکاتە قوربانی، چونكه‌ ئامانجی پارتی، یه‌كگرتوویی بووه‌ له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی گه‌لی كورددا.

دکتۆر ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری پێشووی فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ده‌ڵێ، پارتی پێشتر و ئێستایش لە ھەوڵی ئەوەدابووه‌ کورد لە بەغدا یەکگرتوو بێت و، پێویستیی هه‌بوونی ھاوپەیمانیی کوردستانی لە بەغدا بۆ ئه‌م قۆناغه‌ش به‌ گرینگ زانی.
ئه‌شواق جاف بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت ''له‌ وا ددۆخێكدا كه‌ كۆی لیسته‌ براوه‌كانی كوردستان كۆك نه‌بوون، خۆ مەرج نییە ھەموو ئەو حزبانەی کورسییان بەدەست ھێناوە بچنە نێو ئەو ھاوپەیمانەتییه‌وه‌؛ ئێمە ھەوڵی خۆمان داوه‌، خۆ ئەگەر ھەندێ لایەنیش نەیەنە نێو ھاوپەیمانیی کوردستانییه‌وه‌ خۆیان بڕیار ده‌ده‌ن، هه‌رچۆن بێ لای ئێمە گرینگە ھاوپەیمانیمان ھەبێت لەنێو پەرلەمانی عێراقدا.''

پیلانی لاوازکردنی کیانی سیاسیی ھەرێم
لە راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ه‌وه‌ ئەمریکا و ھاوپەیمان ناوچەی دژەفڕین (فلایزۆن)ی دیاری کرد بۆ کورد، دواتر ھەڵبژاردن و پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێك هێندرا، له‌ پاش ٢٠٠٣ و لە کاتی نووسینەوەی دەستووری عێراقیشدا، بە ھەوڵی سەرۆک بارزانی ئەو ناوچەیە بە مادەی ١١٧ لەنێو دەستووردا جێگیر کرا، بەڵام دوای رووداوە خیانەتکارییه‌كه‌ی ١٦ی ئۆکتۆبەر، ھەندێ لایەنی شوڤێنی لە ھەوڵدابوون دەستوور ھەموار بکرێتەوە و کیانی سیاسی و دەستووریی ھەرێمی کوردستان نەھێڵن.
د. هه‌وار نێروەیی هێشتا هه‌وڵی لایەنە عێراقییەکان به‌ مه‌ترسی ده‌زانێ و هه‌وڵه‌كانیان بۆ گۆڕینی ماددەی ١١٧ی دەستووری عێراق و له‌نێوبردنی کیانی دەستووری و سیاسیی ھەرێمی کوردستان به‌رده‌وامه‌. ئه‌و جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ ''ئەگەر لایەنە کوردستانییەکان یەکگرتوو نەبن، مەترسیی گەورە ھەیە لەسەر ھەرێمی کوردستان، بەپێی دەستووری عێراق تا ماددەی ١١٧ ھەبێت، عێراق ناتوانێ بڵێ مامەڵە له‌گه‌ڵ ھەرێمی کوردستاندا ناکەین، خۆ ئەگەر یەکگرتوو نەبین ئەو ماددەیەش دەکەوێتە به‌ر مەترسی.''

د. ئه‌شواق جافیش نەیشاردەوە، پەرتەوازەییی کورد لە بەغدا کارەساتی بەدواوەیە و پێگەی کورد بەرامبەر بە عێراق لاواز دەکات و، مەترسی دروست دەبێت لەسەر کارکردنی کورد لە چوار ساڵی دابێ.
ئه‌و دەڵێ "ئەگەر بەرواردێک بکەین خوولی رابردووی پەرلەمان، بۆ ئێمەی کورد زۆر باشتر بوو، لەبەر ئەوەی ھاوپەیمانیی کوردستانیمان ھەبوو، راستە بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئێمە نەبوو، بەڵام لە دووساڵی کۆتایید سەرۆکی فڕاکسیۆنی گۆڕانیش لە ھەموو کۆبوونەوەکان لەگەڵ ئێمەدابوو، لەبەر ئەوەش ئێمە توانیمان رێگری لە زۆر پێشێلکاری بکەین، کە حکوومەتی عێراق دەیویست بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان بیکات، راستە نەمانتوانی ھەموو داخوازییەکانمان بە دەست بێنین، بەڵام زۆر دەستکەوتیشی لێ بەرھەم ھات.''

دکتۆر ھاوار نێروەیی هه‌وڵ و ھەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دروستکردنی ھاوپەیمانیی کوردستان و یەکگرتووییی کورد به‌ گری٦نگ ناو ده‌بات و ده‌ڵێ، ھەر ئەو ئامانجەی پارتی وایکرد، لە ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایاردا، سەرەڕای ھەبوونی قەیرانی دژواری ئابووری و دەربازکردنی چەند ساڵێکی سەخت و پڕ ئاستەنگ، بەڵام ''جەماوەری کوردستان بەھۆی ھەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتیمانیی پارتییه‌وه‌ دەنگیان بۆ لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان دا، ھیچ کەس و لایەنێکیش ھزری نەدەکرد پارتی ئەو رێژەی دەنگی ھاووڵاتیان بە دەست دێنێ، ئەگەر ئەو رێگەیەی پارتی ھۆکار نەبێت کە مەبەست لێی یەکگرتووییی کورد و خەباتکردن بۆ مافەکانی ھاووڵاتیان، ئەوا ھاووڵاتیان ئامادە نه‌ده‌بوون دەنگ بەو حزبە بدەن.''
kdp -
Top