بزووتنەوەی گۆڕان ڕێککەوتنە سیاسییەکەی لەگەڵ یەکێتی ھەڵدەوەشێنێتەوە
سەرچاوەیەکی باڵا لە بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند: کۆبوونەوەکەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، تایبەتە بە ھەڵوێستی یەکلاکەرەوەی خۆی لە بەرامبەر دەرەنجامی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، بەتایبەتی ئەو دەنگانەی کە یەکێتی لە بزووتنەوەی گۆڕانی دزیوە لە شاری سلێمانی".
سەرچاوەکە ئەوەشی ڕوون کردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی چڕوپڕ لەبارەی پرسی بایکۆتکردنی پرۆسەی سیاسیی عێراق دەکرێت، چونکە ”ڕۆژی پێنجشەممە کاتێک جڤاتی گشتیی گۆڕان کۆبووەتەوە، زۆربەی ئەندامانی جڤاتی گشتی پێیان باش بووە کە بزووتنەوەی گۆڕان بایکۆتی پڕۆسەی سیاسیی عێراق بکات".
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش دا: "وا بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا باسی ڕێککەوتنی سیاسیی یەکێتی و گۆڕان بکرێت، بێگومان ئەگەرێکی زۆر ھەیە جڤاتی نیشتمانی بە شێوەیەکی فەرمی ئەو ڕێککەوتنەی بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ یەکێتی ھەڵبوەشێنێتەوە".
باسنیوز
