له گوڵاڵە میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی سەرانە له خەڵک وه‌رده‌گرن
میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی سه‌رانه له دوكانداران و شۆفێران و كه‌سانى ده‌وڵه‌مه‌ند له ناحیه‌ى گۆڵاڵه (جەلەولا)ی سه‌ر به شارى خانه‌قین وه‌رده‌گرن و به‌رپرسێكى باڵای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له سنووره‌كه ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی سه‌رانه له هاووڵاتییان له‌لایه‌ن میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه، پارێزگارى دیاله ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ر میلیشیاكانه‌وه نییه.
به‌رپرسێكی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی له خانه‌قین، كه هاوكات به‌رپرسیارێتییه‌كى باڵاشی هه‌یه له شارى به‌عقوبه‌ى ناوه‌ندی پارێزگاى دیاله، له‌به‌ر پاراستنی ژیانی له ده‌ست میلیشیاكانی حه‌شدى شه‌عبی، نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكه‌ین، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "سه‌باره‌ت به وه‌رگرتنی سەرانە له كاسبكاران و دوكانداران و شۆفێرانه‌وه، له ناحیه‌ى گوڵاڵەى سه‌ر به شارى خانه‌قین له‌لایه‌ن میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه، خودى پارێزگارى دیاله‌ش به‌و كرده‌وه‌یه ده‌زانێت، به‌ڵام پارێزگار ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ریانه‌وه نییه، ئێستا حه‌شدى شه‌عبی له گوڵاڵە، گرووپی میلیشیایی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق و به‌در، جگه له دوكانداره‌كان له كه‌سانى ده‌وڵه‌مه‌ندیش به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى كه كارگه و چێشتخانه و ئۆتۆمبێله‌كانى بارهه‌ڵگریان هه‌یه پاره‌یان وه‌ك سه‌رانه لێ وه‌رده‌گرن، به‌تایبه‌ت ئه‌و كارانه‌ش به‌و كه‌سانه ده‌كه‌ن كه عه‌ره‌بی سوننه‌ن و چوونه‌ته ناو ئه‌و گرووپه میلیشیایانه‌وه".
روونىیش كرده‌وه، ئه‌و پاره‌یه‌ش به بیانووى ئه‌وه له‌و خه‌ڵكه وه‌رده‌گرن كه گوایه ئه‌وان خوێنیان ڕشتووه و ئێستاش ده‌یانپارێزن! و ئه‌وان خۆیان ئێستا به حوكمڕانى گوڵاڵە ده‌زانن و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى پۆلیسی گوڵاڵەش هیچ ده‌سه‌ڵاتێكى به‌سه‌ر میلیشیاكانه‌وه نییه.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كه سەرانە وه‌رگرتن له‌لایه‌ن میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه له خه‌ڵك ته‌نیا له گوڵاڵە هه‌یه یان له ناوچه كوردستانییه‌كانى دیكه‌ى دیاله‌ش هه‌یه، ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌كێتی ئه‌وه‌ى خسته ڕوو، له خانه‌قین ئه‌و ده‌سه‌ڵاتییان نییه، به حوكمى ئه‌وه‌ى زۆرینه‌ى پۆسته‌كان له‌ده‌ست كورددان ڕێگه‌یان پێ نادرێت“.
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى كه به‌رپرسیارێتییان هه‌یه له به‌عقووبه، ئایا ناتوانن سكاڵا له‌سه‌ر میلیشیاكان له‌سه‌ر سەرانە وه‌رگرتنى له خه‌ڵك له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه تۆمار بكه‌ن، ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌كێتی ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كرد، ئێمه وه‌ك شاندێكى یه‌كێتی له‌گه‌ڵ كادیرانی كۆمیته‌ى گوڵاڵەى یه‌كێتی چووینه لای پارێزگارى دیاله، پارێزگار به توانج و پێكه‌نینه‌وه گوتی: ”وه‌زعتان له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ى كه پاره به‌زۆر له خه‌ڵك وه‌رده‌گرن چۆنه؟!“. بۆیه ئێستا دۆخه‌كه له دیاله هاوشێوه‌ى ساڵانی 2003 تاوه‌كوو 2007 نییه، دۆخه‌كه گۆڕاوه، ئێستا حوكم حوكمى میلیشیایه له دیاله، به‌تایبه‌ت له گوڵاڵە و سه‌عدییه و شاره‌بان، به بیانووى پاراستنى ناوچه‌كانیان حه‌شد پاره له خه‌ڵك وه‌رده‌گرن.
هاوكات له‌باره‌ى دۆخى كورده‌كانى گوڵاڵەوه، به‌رپرسه‌كه‌ى یه‌كێتی نه‌یشارده‌وه كه دۆخى كورده‌كانى گوڵاڵە له‌سایه‌ى میلیشیاى حه‌شدى شه‌عبی خراپه و ڕای گه‌یاند: "تاوه‌كوو ئێستا %90ى كورده‌كانى گوڵاڵە له‌دواى داگیركردنى ناحیه‌كه‌یان له‌لایه‌ن داعشه‌وه، پاشان حه‌شدى شه‌عبییه‌وه نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ ناوچه‌كه‌یان و به‌شێك له عه‌ره‌به‌كانى گوڵاڵەش زۆر رقیان له كورد و كوردستانه".
هاووڵاتییه‌كى خه‌ڵكى گوڵاڵە به ناوى ئه‌بو كارزان، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی، هاوشێوه‌ى خاوه‌ن مۆلیده ئه‌هلییه‌كان چۆن ده‌فته‌رێكیان لایه و هه‌موو سه‌ره‌مانگێك به ماڵه‌كاندا ده‌گه‌ڕێن، تاوه‌كوو له‌بری پێدانى چه‌ند ئهمپێرێكى كاره‌بای مۆلیده پاره وه‌رده‌گرن، ئه‌وانیش ده‌فته‌رێكیان پێیه و سهرهمانگهگان زۆر به ئاشكرا پاره له دوكانداره‌كان وه‌رده‌گرن".
سه‌باره‌ت به بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ى كه له دوكانداره‌كان وه‌رى ده‌گرن، ئه‌بو كاروان كه ئێستا ئاواره‌ى شارى كه‌لاره، به‌ڵام ناوبه‌ناو بۆ سه‌ردانیكردنى خزمه نزیكه‌كانى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گوڵاڵە، گوتی: "له دوكانه‌كانی سهوزهفرۆشهكان بڕی 20 هه‌زار وه‌رده‌گرن و له دوكانى قه‌سابه‌كان بڕی 30 هه‌زار و له دوكانى ئاسنگه‌ر و فیته‌ره‌كان بڕی 25 هه‌زار دینار و ئه‌مه جگه له‌وه‌ى كه پاره‌ى زۆر و تایبه‌ت له هاووڵاتییه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانى وه‌رده‌گرن، هه‌روه‌ها پاره‌ش له شۆفێرانى بارهه‌ڵگره‌كان وه‌رده‌گرن".
به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس) حه‌شدى شه‌عبی له‌و هاووڵاتییانه‌ى كه پاره وه‌رده‌گرن وه‌ك سەرانە راسه‌وخۆ پێیانى ڕاگه‌یاندووه، كه ئه‌وان نه‌بن داعش گوڵاڵە دووباره داگیر ده‌كاته‌وه، بۆیه هه‌ر كه‌سێك ناڕه‌زایی ده‌رببڕێت، ئه‌وا ده‌توانێت گوڵاڵە چۆڵ بكات و هه‌ڕه‌شه‌یان له‌و كه‌سانه‌ش كردووه كه ئه‌گه‌ر ببنه هۆی ئه‌وه‌ى پاره وه‌رگرتن له هاووڵاتییان بكه‌نه بابه‌ت و باسی لێوه بكه‌ن و یانیش بیانه‌وێت سكاڵا تۆمار بكه‌ن، ئه‌وا لێییان قبووڵ ناكه‌ن و سزایان ده‌ده‌ن و میلیشیاكان ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ش كردووه، كه ئه‌و پاره‌یه‌ى وه‌ك مووچه له حكوومه‌ت وه‌ری ده‌گرن كه‌مه و به‌شیان ناكات.
هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس)، تاوه‌كوو ئێستا هیچ به‌رپرسێكى حكوومی و ئه‌منى له سنوورى پارێزگاى دیاله له باره‌ى وه‌رگرتنی سەرانە له هاووڵاتییان له‌لایه‌ن میلیشیاكانی حه‌شدى شه‌عبییه‌وه نه‌هاتووه‌ته وه‌ڵام.
پێوه‌ند به‌م باسه، خه‌لیل خوداداد، به‌رپرسی كۆمیته‌ى یه‌كێتی له گوڵاڵە، بۆ سایتێكى لۆكاڵی ڕای گه‌یاندووه، له سنوورى گوڵاڵە له‌لایه‌ن حه‌شد و به‌تایبه‌ت گرووپی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌قه‌وه كاسبكاران ناچار ده‌كرێن سەرانە بده‌ن و له‌ناو ناحیه‌كه ڕێگه به كاسباكاران ناده‌ن كار بكه‌ن، ئه‌گه‌ر پارە نه‌ده‌ن".
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته ڕوو، له‌ده‌ره‌وه‌ى گوڵاڵەش له‌سه‌ر ڕێگای گوڵاڵە - كه‌لار گۆڕه‌پانێك بۆ ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگره‌كان دروست كراوه و چه‌كداره‌كان له‌و گۆڕه‌پانه به‌رتیل له شۆفێران وه‌رده‌گرن، ئینجا ڕێگه‌یان ده‌ده‌ن باره‌كانیان به‌ره‌و به‌غدا و شاره‌كانی تر ببه‌ن.
ناحیه‌ى گوڵاڵە، یه‌كێكه له ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان، كه ده‌كه‌وێته سنوورى پارێزگاى دیاله و ساڵی 2014 له‌لایه‌ن تیرۆریستانی داعشه‌وه داگیر كرا و پاشان له لایه‌ن هێزه‌كانى پێشمه‌رگه رزگار كراوه و له مانگى ئۆكتۆبه‌رى ساڵی 2017ه‌وه له‌لایه‌ن میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه داگیر كراوه و ناحیه‌كه جارێك له‌لایه‌ن داعشه‌وه وێران كرا و ئه‌مجاره‌ش له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه دۆخى ئه‌منى و ژیانیانیان له هاووڵاتییانى كورد و عه‌ره‌بی ناحیه‌كه تێكداوه، به‌بێ ئه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌كه كه عهرهبێكى سوننه مه‌زهه‌به، بتوانێت له‌مه‌ڕ پێشێلكارییه‌كانى حه‌شدى شه‌عبی له ناوچه‌كه‌یان ناڕازیی ده‌رببڕێت و ڕێگه له كردهوانى حه‌شدى شه‌عبی بگرێت.
bas news -
