هۆزە عەرەبەکانی نەینەوا، چوونی شاندی پارتی بۆ بەغدا بە داکۆکیکار لە مافەکانیان دەزانن

هۆزە عەرەبەکانی نەینەوا، چوونی شاندی پارتی بۆ بەغدا بە داکۆکیکار لە مافەکانیان دەزانن
گوتەبێژی ئەو هۆزە عەرەبانەی کە نیشتەجێی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەڵێ، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان کە چووەتە بەغدا، وەک ئەوە وایە شاندی هۆزە عەرەبەکانیش بێ، "چونکە هاوشێوەی خەڵکی کوردستان پشتیوانی مافەکانمانن."

لە ڕۆژی ١٢ـی ئەم مانگەدا، پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام درا، لە پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، لایەنە براوەکانی پڕۆسەکە گفتوگۆ دەکەن لە پێناو پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ کە تێیدا گوزارش بکا لە خواستی کۆی پێکهاتە جیاکانی ئەو وڵاتە. پارتی دیموکرات کوردستانیش، پاش ئەوەی لە هەولێر پێشوازی لە شاندگەلێکی لیستە براوەکان کرد، شاندێکی ڕەوانەی بەغدا کرد.
گوتەبێژی هۆزە عەرەبەکانی دەشتی نەینەوا وێڕای ئەوەی چوونی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا بە گرینگ دەزانێ، باوەڕی وایە، کە ئەم گفتوگۆیانەی نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ هۆزە عەرەبەکانیش زۆر گرینگن.
مەزاحم ئەلحوێت بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی کردەوە: ''شاندی پارتی پشتگیریی مافەکانمان دەکات وەک چۆن سەرۆک بارزانی پشتگیریمانی کردووە و دەرگای کوردستانی بۆ ئێمە واڵا کردووە."

لە دوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق(٢٠٠٣)، سوننە بوونەتە قوربانی سیاسەتی نادروست و کێشمەکێشی نێوان سیاسی و حزبەکانیان، ئەمەش بووە بە هۆی ئەوەی ناوچەکانیان بەرەوڕووی پەراوێزخستن و، بە هۆی شەڕیشەوە دووچاری کاولکاری ببێ و خەڵکەکەشیان ئاوارە بن.
بە تایبەت لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش و شەڕی چوارساڵە، هەزاران کەس لە ناوچە سوننەکان ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون و نەچوونەتە باشووری عێراق، هەرێمی کوردستانیان وەک ناوچەیەکی ئارام بینیوە. ئاوارە عەرەبەکان بە نزیکەی دوو ملیۆن کەس مەزەندە کراون، سەرەڕای قەیرانی دارایی کە بەرۆکی هەرێمی گرتووە، حکوومەتی هەرێم بەبێ جیاوازی هاوکاری کردوون.

ئەلحوێت نایشارێتەوە کە، هیچ سیاسیێکی عەرەبی سوننە پشتگیری لە مافەکانیان نەکردووە بەڵام وەک ئەو گوتی "سەرۆک بارزانی لە دوای ٢٠٠٣ـەوە و بە هۆی بێسەرپەرشتبوونی سوننەکانەوە پشتگیری کردووین."

پێشمەرگەی کوردستان بە فەرماندەییی فەرماندەی گشتی سەرۆک بارزانی، جگە لە ناوچە کوردستانییەکان چەندین ناوچەی عەرەبی سوننەشیان لە چنگی تیرۆریستانی داعش رزگار کردووە، کە ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی عەرەبە سوننەکانی بەتایبەتی دەشتی نەینەوا، پارتی و بارزانی وەک پاڵپشتی یەکەمی خۆی ببینن.
‎مەزاحم ئەلحوێت کە هێشتا زامی بەسوێی سیاسەتی پەراوێزخستنیان ساڕێژ نەبووە دەڵێ، "هەرچیی سیاسیی عەرەبی سوننەیە رەت دەکەینەوە، ئەوان نوێنەرایەتیی ئێمە ناکەن، بە تایبەت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی داهاتوووی عێراق و بە تایبەت ئەوانەی بوونەتە هۆکاری ئاوارەبوونمان."

لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەرەوە و هاتنی حەشدی شەعبی بۆ نەینەوا چەندین جار عەرەبە سوننەکان داوای ئەوەی دەکەن ئەو هێزە میلیشیا شیعەکان ناوچەکانیان جێ بهێڵن و پێشمەرگە وەکچۆن ناوچەکانیانی ڕزگار کردووە، ئاوایش پارێزگاری لە سەروماڵیان بکات تا بە دڵنیایی و بێ ترس بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.

شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدایە و بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئەنجام داوە.
kdp-
Top