مەرزێكی داخراو لە نێوان كوردستان و ئێراندا دەكرێتەوە
دوای داخستنی چەند مەرزێكی لاوەكی لە سنووری هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ ئەوەی جووڵەی بازرگانی نەوەستێت، بڕیارە بە رێككەوتنی هەردوو حكوومەتی عێراق و ئێران، سەرجەم ئەو مەرزانە بكرێنەوە، لە چوارچێوەی ئەو بڕیارەیشدا، ئەمڕۆ 24(\5\2018) مەرزی (پشتە) لە ناحیەی (بەمۆ) لە دەڤەری گەرمیان بە فەرمی كرایەوە.
(مەلا ماجید بازرگان)، سەرۆكی لیژنەی بازرگانی و مافی بەكاربەر لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتیی كوردستان، گوتی: "پێشووتر د. عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی كوردستان، لە كۆنفڕانسێكی ئابووریدا ئاماژەی دا كە بەنیازن چەند مەرزێكی لاوەكییش بكەنە فەرمی، كردنەوەی ئەو مەرزەیش رەنگە لەو چوارچێوەیەدا بێت و سوودی زۆری بۆ جووڵەی بازرگانی لەو ناوچەیەدا دەبێت".
بازرگان، هەروەها ئەوەشی خستە روو، بەشێك لە مەرزەكان نێوەدەوڵەتین و بەشێكیان لاوەكین، دەبێت هەماهەنگییەكی باش هەبێت لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دەستی كار و بازرگانان، بۆ ئەوەی كاروباری ئەو مەرزانە بە بێ گرفت بەڕێوە بچن.
سەرۆكی لیژنەی بازرگانی و مافی بەكاربەر، دڵخۆشە بەوەی كە ئەو مەرزانە كۆمەڵێك هەلی كار بۆ خەڵك دەڕەخسێنن، تا بتوانن جووڵەیەكی بازرگانی و بۆشاییەكی بێكاری پڕ بكەنەوە.
هاوكات، عادل مەلاساڵح، بەرێوەبەری شارەدێی بەمۆ، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی، لیژنەیەك لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە سەردانی مەرزەكەی كردووە، لە مانگی رابردوویشدا راپۆرتێكیان لەو بارەیەوە بۆ سەرۆكوەزیرانی عێراق بەرز كردووەتەوە، دواجار رۆژی 17\5\2018 رەزامەندی لەسەر كردنەوەی مەرزەكە دراوە.
مەلاساڵح، گوتیشی: "ئەمڕۆ، بە شێوەیەكی فەرمی ئەو مەرزە دەكرێتەوە و كاریگەریی زۆری لەسەر جووڵەی بازاڕ دەبێت".
مەرزی (پشتە)، یەكێك لەو مەرزانە بوو كە لە ڕۆژی 1\2\2018ـدا، لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە داخرا.
kdp-
