دەنگۆی بڵاوبوونەوەی ھێزێکی ئەمریکی لە بەغدا بڵاودەبێتەوە
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ھاووڵاتییانی بەغدا باس لەوە دەکەن، کە ھێزێکی گەورەی شەڕکەری ئەمریکی لە شارەکەیان بەتایبەت لە دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و هەروەها فڕۆکەخانەی بەغدای نێودەوڵەتی، بڵاوبووەتەوە و پەرلەمانتارێکیش رەتی دەکاتەوە.
حاکم زاملی، سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، کە ئەو دەنگۆیانە راست نین و دوورن لە راستییەوە.
حاکم زاملی ھەروەھا رایگەیاند، کە بۆ دڵنیابوون، پەیوەندیی بە لایەنە ئەمنییەکان و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە کردووە و ئەوانیش رەتیان کردووەتەوە ھیچ ھێزێکی ئەمریکی لە شەقامەکانی بەغدا بڵاو بووبێتەوە.
بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیانە ھاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی کردە تیرۆریستییەکان لە بەغدا، بە تایبەت دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دەرچوونی ھاوپەیمانیی سائیرون، کە موقتەدسا سەدری نەیاری ئێران سەرۆکایەتیی دەکات.
سەرکردە سوننەکان باس لەوە دەکەن، کە ئێران ھەوڵ دەدات موقتەدا سەدر لە گۆڕەپانەکە دوور بخاتەوە و لەو ئەگەرەشدا، شەڕی ناوخۆیی و رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەنێوان ھێزە عێراقییەکان دروست دەبێت.
باسنیوز
