گۆڕان بڕیاری کۆتایی لەبارەی سروە عەبدولواحید دەدات

 گۆڕان بڕیاری کۆتایی لەبارەی سروە عەبدولواحید دەدات
سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، کە حزبەکەی بڕیاری کۆتایی لەبارەی سروە عەبدولواحید دەدات.

بڕیارە رۆژی پێنجشەممە ٢٤/٥/٢٠١٨، جڤاتی گشتیی گۆڕان کۆ ببێتەوە و بڕیاری سڕکردنی سروە عەبدولواحید دەربکات و بڕیارەکە بنێرێت بۆ جڤاتی نیشتمانی بۆپەسەندکردنی، کە رۆژی شەممە ٢٦/٥/٢٠١٨ کۆ دەبێتەوە.

جەبار مەلا ئەمین، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی ڕایگەیاند، سروە عەبدولواحید ھیچ پەیوەستبوونێکی بە گۆڕانەوە نەماوە و کاتێکیش لەگەڵ براکەی لەگەڵ موقتەدا سەدری سەرۆکی ھاوپەیمانیی سائیرون کۆبووەتەوە، ”ھیچ ڕاوێژێکی بە گۆڕان نەکردووە و بەبێ پرس کۆبوونەوەکەی کردووە“.

جەبار مەلا ئەمین ھەروەھا رایگەیاند، سروە عەبدولواحید چەندین جار کاری سەربەخۆی کردووە، کە پێچەوانەی پەیڕەو و پرۆگرامی گۆڕانە، بۆیە لە سەرۆکایەتیی فراکسیۆن دەرکراوە و رۆژی شەممەش بڕیاری دەرکردن یان سڕکردنی دەدرێت.

ئەو بەرپرسەی گۆڕان ئاماژەی بەوەش دا، کە پێشتر کۆمەڵێک کەس بە دەنگی گۆڕان بوونە پەرلەمانتار، بەڵام لە دوایدا وازیان لە گۆڕان ھێنا و دژی بزووتنەوەکە جوڵانەوە.

رۆژی سێشەممە ٢٢/٥/٢٠١٨، شاسوار عەبدولواحید، کە لە سەروبەندی ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردن بە توندی ھێرشی دەکردە سەر گۆڕان، لەگەڵ سروە عەبدولواحیدی خوشکی بە ناوی نەوەی نوێ سەردانی موقەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر و سەرۆکی ھاوپەیمانیی سائیرونی کرد.

ئەو سەردانەی شاسوار عەبدولواحید بۆ لای موقتەدا سەدر و نەبردنی ھیچ پەرلەمانتارێکی دەرچووی لیستی نەوەی نوێ و بردنی سروە عەبدولواحید، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە ھۆی ناڕەزایی ئەو کەسانەی دەنگیان بە لیستی نەوەی نوێ داوە و پێیان وایە شاسوار ھەوڵ دەداتە بنەماڵەکەی لەسەرووی پەرلەمانتار و ئەندامانی جوڵانەوەکەی دابنێ.

رۆژی شەممە ١٢/٥/٢٠١٨ پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە ھەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و ھەرێمی کوردستان ئەنجام درا و تێیدا سائیرون پلەی یەکەمی بە دەست ھێنا و لیستی نەوەی نوێش چوار کورسی بەدەست ھێنا.

ھاوپەیمانیی سائیرون لە ژمارەیەک لایەنی وەک حزبی شیوعیی عێراق و رەوتی سەدر و ژمارەیەک ھێز و لایەنی دیکە پێک ھاتووە و موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر سەرۆکایەتی دەکات.













باسنیوز
Top