مانگرتنی توێژە جیاجیاکان لە ئێران پەرە دەستێنێت
بەپێی زانیاریی چالاکوانانی مافی مرۆڤ و میدیا خۆجێیەکان لە ئێران، مانگرتنی کرێکاران لە کەرتەکانی ڕێگای ئاسن و کارگەکانی قەند، لە شارەکانی ئەهواز، ئەندیمشک، شیراز، تاران، تەورێز، ئیسفەهان و چەندان شاری دیکە، درێژەدەری ئەو ڕەوتە مانگرتن و ناڕەزایەتیانەیە کە بەرانبەر بە ژیان و گوزەران و بێکاری و گرانی و کەمتەرخەمیی حکوومەت ناو بەناو ڕوو دەدەن.
لە چەند هەفتە لەمەوبەریش مامۆستایان چەند شاری ئێران و هاکوت شارەکانی سنە، مەریوان و کرماشانیش دەستیان دایە مانگرتن و ناڕەزایی.
بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران، ڕێکخراوی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان و شۆفێرانیش لە ناڕەزایی بە دۆخی خراپ و شپرزەی ئابووری، گرانبوونی کەلوپەل و کەمیی کرێی بار لە چەندین شاری ئێران مانگرتنیان ڕاگەیاندووە.
کەمیی گاز لە تاران و کەمیی بەنزین لە ئەراک، شیراز و چەند شارێکی دیکەی پارێزگای فارس، بووەتە هۆی ئەوەی کە قەرەباڵغییەکی زۆر لە وێستگەکان دروست ببێت و گرفت بۆ هاتوچۆ و هاووڵاتیان پەیدا بووە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە هەتا ئێستا شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری زیاتر لە دە شاری ئێران لەم شەپۆلە مانگرتنەدا بەشدارییان کردووە و لە هەر شارێک بە جۆر و شێوازێک ناڕەزاییان دەربڕیوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی گرفتی چارەسەرنەکراوی هاتوچۆ و گواستنەوەی بار.
بەپێی ئاماری وەزارەتی گواستنەوە و ڕێگەوبانی لە سەرتاسەی ئێران نزیکەی 360 هەزار ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆری بارهەڵگر هەیە. ئەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرانە لە گواستنەوەی کاڵا و کەلوپەل بۆ ناوخۆی ئێران و تەنانەت دەرەوەی وڵاتیش پشکی زۆریان هەیە.
نزیکەی پێنج مانگ لەمەوبەر لە زیاتر لە 100 شاری ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایی فراوانی خەڵک لە بەرانبەر گرانی، بێکاری و ڕەوشی خراپی ژیان هاتە ئاراوە، کە توندوتیژیی زۆری لێ کەوتەوە کە تێیدا زیاتر لە 20 کەس بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژران و بە سەدان ەکسیش بریندار و زیاتر لە پێنج هەزار کەسیش دەستگیر کران.
هەفتەی رابردووش لە شاری (کازروون)ی سەر بە پارێزگای فارس خۆپیشاندانی خەڵک لەلایەن هیزە ئەمنییەکانەوە بە گوللە وەڵامی دراویەوە و کەسێک کوژراو و چەندین کەسی دیکەش بریندار و بە دەیان ئۆتۆمێلی حکوومەتی و بینا و باڵەخانەی دامودەزگاکان ئاگریان تێ بەر درا.
باسنیوز
