رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حکومەتی هەرێم: کۆی گشتی دەستگیرکراوانی داعش لە ناوەڕاستی ساڵی 2017ەوە تا ئێستا (2124) بەندکراو بووە
زێباری دەربارەی هەمان پرس و چۆنیەتی دادگایی کردنی ئەو تۆمەتبارانە وتی: لە هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی 2006 کە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) ناسراوە پەیڕەو دەکرا، ئهو یاسایه تا 16/7/2016 كاری پێکرا. بەڵام ئێستا لە هەرێمی کوردستان بۆ دادگایی کردنی ئەو کەسانەی بە کاری تیرۆریستییەوە تێوەگلاون کار بە یاسای ژمارە (٢١)ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی 1969ی هەموار کراو دەکرێت.
هەر کاتێک دەستگیرکراوان تۆمەتی پەیوەندی كردنیان بە داعش یان هاوكاری كردنی داعشیان بەسەردا ساغ بۆوە ئەوە بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێم مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و كەسوكاریشیان ئاگادار دەكرێنەوە لە تۆمەتەكانیان لە هەمان كاتدا هەموو مافێكیان هەیە وەك سەردانی كردنی كەسوكاریان و بوونی پارێزەر بۆ ئەوەی بەرگرییان لێ بكات، بەڵام ئەگەر لە میانەی لێكۆڵینەوەكاندا هیچ تۆمەتێكی بەسەردا ساغ نەبۆوە.
دەربارەی رێوشوێنەکانی دەستگیرکردنیان زێباری وتی: لەو کاتەی کە داعش دەستی بەسەر ئەو ناوچانەدا گرتبوو ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان ئاوارە بوون و روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، لەبەر ئەوەی لەو حاڵەتەدا کە هێزەکانی پێشمەرگە سەرقاڵی بەرگری کردن بوون جیاکردنەوەی هاووڵاتیانی ئاسایی و ئەوانەی پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە کارێکی ئاسان نەبوو و ئاستەنگی زۆری بۆ پێشمەرگە و لایەنە ئەمنییەکان درووست دەکرد، بۆیە چەند رێووشوێنێکی ئەمنی دەگیرایە بەر بۆ پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتیان و خودی ئاوارەکان و رێگانەدان بە دزە کردنی تیرۆریستان بۆ نێو هاووڵاتیان.
زێباری تیشکی خستە سەر ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون بە تۆمەتی بوونی پەیوەندییان لەگەڵ داعش و لەم بارەوە وتی : لە دادگاى لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر لە رێکەوتی 1/6/2017 تاکو 20/3/2018 دەستگیرکراونی داعش بەم شێوەیە بووە:
کۆی گشتی دەستگیرکراوانی داعش لەو ماوەیەدا (2124) بەندکراو بووە، هەر لەو ماوەیەدا (666) کەسی دیکە بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە دەستگیرکراون، هەروەها (٥٨٩) بەندکراو لەلایەن دادگاوە سزا دراون و (٢٧٣) کەس بە فەرمانی دادگا ئازاد کراون و (596) تا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان.
هەروەها لە رێکەوتی 1/7/2017 تا 14/2/2018 لە دادگای نەوجەوانانی هەولێر کەس (194) سزا دراوە لەوانە (٢) لەو تۆمەتبارانە ئازادکراون، لەلایەکی دیکەوە لە رێکەوتی 1/7/2017 تاکو 31/3/2018 لە دادگای تاوانی هەولێر/2، (408) کەیسی تایبەت بە ماددەی تیرۆر یەکلاکراونەتەوە. سەبارەت بە دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی سەرۆکایەتی دادگای نەوجەوانانی سلێمانی (٥) کەس دەستگیر کراوە لەوانە (٢)یان بڕیاری دادگایان بۆ دەرچووە و سزا دراون و(٢) یان ئازاد کراون و یەکیان هێشتا کەیسەکە یەکلا نەبۆتەوە لە دادگا، لەلایەکی دیکەوە لە دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی دهۆک لە رێکەوتی 1/6/2017 تاکو 28/3/2018 ژمارەی دەستگیر کراوانی داعش بەم شێوەیە بوو: (276) کەس دەستگیر کراون، (173) یان سزا دراون، و (111) ئازاد کراون و کەیسێکیش تا ئێستا لە دادگا یەکلا نەبۆتەوە.
زێباری ئەوەشی خستەروو کە لە دادگاکانی کەرکوک گەرمیانیش ژمارەیەک لە تۆمەتباران بە پەیوەندی کردنیان بە داعشەوە دەستگیر کراون و لەم رووەوە وتی: بەپێی ئامارەکانی دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرکوک/گەرمیان لە ماوەی رابردوودا (٢٠) کەس دەستگیرکراون، هەروەها (٣) لە تۆمەتباران سزا دراون و (١٢) تۆمەتبار بە بڕیاری دادگا ئازاد کراون و (٥)یان تا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان، سەبارەت بە دادگای تاوانەکانی کەرکوک/ گەرمیان لە شەش مانگی کۆتایی ساڵی 2017 تاکو 28/3/2018 چەند کەیسێک ئیحالەی ئەم دادگایە کراون کە ژمارەیان (٦٣) کەیس بووە لەوانە (١٧) تۆمەتبار لەلایەن دادگاوە سزا دراون، (٢٥) تۆمەتبار بە بڕیاری دادگا ئازاد کراون و (٢١) تۆمەتباریش لە قۆناغی دادگاییکردندان و کەیسەکانیان یەکلایی نەبۆتەوە.
خه ليل بله يى
