ھەدار بارزانی: بێبەشکردنی کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق جینۆسایدێکی دیکەیە

 	 ھەدار بارزانی: بێبەشکردنی کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق جینۆسایدێکی دیکەیە
شارەزایەکی یاسا پێی وایە، قۆناغی دابێ، قۆناغی بەرگرییە لە مافەکانی گەلی کوردستان لە بەغدا و دەشڵێ، ھەموو ھەوڵێک بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ناوچە کوردستانییەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق دەدەن.

ھەدار بارزانی، کاندیدی دەرچووی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق و شارەزای یاسا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "چوونمان بۆ بەغدا تەنیا بۆ بەرگریکردنە لە مافەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان، چونکە دوای چەندین کارەسات کە لە لایەن حکوومەتەکانی عێراقەوە بەسەر میللەتی ئێمەدا ھێنراون، ھێشتا جینۆساید و دژایەتیکردنی گەلی کوردستان بەردەوامە و پێویستە بچینەوە بەغدا بۆ ئەوەی داکۆکی لە مافەکانمان و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکان بکەین، ھەر چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا بە ھۆی سووتاندنی دەنگی کوردانی ئێزدییەوە جارێکی دیکە جینۆسایدێکی دیکەیان بەسەرماندا ھێنا، چونکە بەشێکی گرنگی گەلی ئێمە بێبەش کران لە مافەکانیان."

لەبارەی ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق و چارەنووسیان، ھەدار بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەموو ھەنگاوێکی کورد لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی دەستووردا بووە، تەنانەت بڕیاری ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆییش بە گوێرەی دەستووری عێراق بووە، چونکە دەستوور بە ڕوونی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، ئەگەر تا کۆتاییی ٢٠٠٧ کێشەی ئەو ناوچانە چارەسەر نەکرا، ئەوکات مافی ڕاپرسییان ھەیە بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی خۆیان، واتە ئەوە دەستوورە ڕێگەی دیاری کردووە بۆ ھەرێم و عێراق، دوای ١٠ ساڵ چاوەڕوانی ئینجا کورد بڕیاری خۆی دا و بە شانازییەوە سەرپێچیی دەستوورمان نەکردووە، دەریشکەوت خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ چ بڕیارێکیان دا، ئەم جارەش لە بەغدا پێداگیری لەسەر چارەسەرکردنی دەستووری و یاساییی ناوچە کوردستانییەکان دەکەینەوە و بە ھیچ شێوەیەک ئامادە نین دەست لە کوردستانیبوونیان ھەڵبگرین."
kdp -
Top