سەرکردەیەکی کۆمەڵ: ساختەکاری لە سلێمانی نەکرابا دەنگمان زیادی دەکرد
محەمەد بامۆکی، ئەندامی ئەنجومەنی سیاسیی کۆمەڵ بە (باسنیوز)ی، ڕاگەیاند، ساختەکاری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کراوە و سکاڵای یاساییشیان تۆمار کردووە، بەڵام بێ ئەنجام بووە.
محەمەد بامۆکی ئاشکرا کرد، کە ”لە چەند رۆژی داهاتوودا“ کۆمەڵی ئیسلامی کۆبوونەوەی خۆی دەکات و بڕیارری کۆتایی و یەکلاکەرەوە لەسەر بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیی عێراق یان بایکۆتی پرۆسەکە دەکەن.
ئەو سەرکردەیەی کۆمەڵ، کە باسی ئەوەی کرد، کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ”گرنگیی بە سکاڵای لایەنە سیاسییەکان نادات و باوەڕ ناکەم تازە دەنگی فەوتاوی لایەنە سیاسییەکان بگەڕێنێتەوە“.
محەمەد بامۆکی ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەگەر ساختەکاری لە سلێمانی نەکرابا، ئەوا کۆمەڵی ئیسلامی ”بێگومان“ دوو بۆ سێ کورسی لە پارێزگاکە و زیاتر لە چوار کورسیمان لە هەموو هەرێمی کوردستان و عێراق بەدەست دەهێنا، ”بەڵام ساختەکارییەکە زۆربەی دەنگەکانی ئێمەی کەم کردەوە“.
رۆژی شەممە 12/5/2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا و تێیدا کۆمەڵی ئیسلامی دوو کورسی بەدەست هێنا.
باسنيوز
