پێنج حیزب پێنج داواكاری ئاراستەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان دەكەن
هەر یەکە لە گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی و بزووتنەوەی ئیسلامی، كە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ناڕازین، جەخت لەوە دەكەنەوە، كە ساختەكاری زۆر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كراوە.
ئەو پێنج حیزبە نووسراوێكی پێنج خاڵییان ئاڕاستەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان كرد و لە بەشێكی نووسراوەكەدا داواكارن، لە داهاتوودا كۆمیسیۆن، جگە لە پاکكردنەوەی تۆماری دەنگدەران، كارەكانی بەشێوازێكی شەفاف ئەنجام بدات و جەخت لەوەش دەكەنەوە كە نابێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی كوردستان هەژماركردنی دەنگەكان بە شێوازی ئەلیكترۆنی بێت".
داواكاریشن پێش دەستپێكردنی رێكارەكانی هەڵبژاردنی كوردستان، كۆمیسیۆن و ئەو پێنج لایەنە، كۆبوونەوەیەكی هاوبەش ئەنجام بدەن.
دوای ئاشكراكردنی دەرنجامەكانی هەڵبژاردنی(12-5-2018)ـی پەرلەمانی عێراق، لە هەرێمی كوردستان ئەو پێنج لایەنە (گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ، هاوپەیمانی و بزووتنەوەی ئیسلامی) پێكەوە دەرنجامەكانی هەڵبژاردنیان رەتكردەوە و جەختیان لە بوونی ساختەكاری كردەوە و داوای دووبارەكردنەوەی پڕۆسەی هەڵبژاردنیان كرد.
بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پارتی 25 كورسی و یەكێتیی 18 كورسی و گۆڕان 5 كورسی و نەوەی نوێ 4 كورسی و یەكگرتوو 2 كورسی و كۆمەڵی ئیسلامیی 2 كورسی و هاوپەیمانیش 2 كورسیان بەدەستهێنا.
پێشتر حیزبی شیوعی کوردستانیش لەگەڵ ئەو حیزبانە بەشداری کۆبوونەوەکانی دەکرد، بەڵام لەو راگەیێندراوەدا ناوی نەهاتووە، لەوبارەوە عوسمان زیندانی، ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی شیوعی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان بەردەوامن لە هەڵوێستەکەیان لەگەڵ ئەو حیزبانە، بەڵام لە دوایین کۆبوونەوە نەیانتوانیوە بەشداری بکەن.
رووداو
