حكوومەت بایی دەیان ملیار دینار زەویی ڕوكن دەفرۆشێت

 حكوومەت بایی دەیان ملیار دینار زەویی ڕوكن دەفرۆشێت
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە ھەولێر، بایی دەیان ملیار دينار زەویی ڕوکن و نایاب فرۆشراون و بەرپرسانی شارەوانییش وردەکارییەکەی ئاشکرا دەکەن.


بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، شارەوانیی ھەولێر لە ساڵی ٢٠١٧ بایی ٢٠ ملیار دینار زەویی ڕوکنی فرۆشتووە.

بەپێی داتاکان، لە ماوەی ٥ مانگی ڕابردوودا لە ھەولێر بایی ٢ ملیار و ٦٥٦ ملیۆن و ٤١٢ ھەزار دینار زەویی ڕوکن و نایاب فرۆشراوە، بە پارەکەی ١٠ پڕۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری جێبەجێ کراون.

کرمانج دەشتەکی، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر ڕایگەیاند، فرۆشتنی زەوییە ڕوکن و نایابەکان بەردەوامە، بۆ ئەوەی پڕۆژەی پێ جێبەجێ بکرێت، گوتیشی: ”ئەو زەوییانەی لە گەڕەک و شوێنە گرنگەکان ماونەتەوە، یان دابەش کراون و وەرنەگیروان، ئەوە بەپێی چەند ڕێنماییەک دەفرۆشرێن“.

روونیشی کردەوە، نرخی زەوییەکان لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر جیاوزاییان ھەیە، گوتیشی: ”لیژنەیەکی قەبڵاندن لە شارەوانی ھەیە، کە ئەندامی خانووبەرە و شارەوانی و نوێنەری ژووری بازرگانیی تێدایە، نرخی زەوییەکان لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر جیاوازییان ھەیە“.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، شارەوانییەکانی ھەرێمی کوردستانی سەرپشک کردووە لە فرۆشتنی ئەو زەوییانەی نایاب و ڕوکنن، بۆ ئەوەی بە پارەکەیان پڕۆژە تەواونەکراوەکان جێبەجێ بکەن.

ئەو بەرپرسەی شارەوانی جەختی کردەوە، لە سنووری شەش شارەوانی لە ھەولێر بە دەیان زەویی ڕوکن و نایاب ھەن بۆ فرۆشتن، دەشڵێت: ”ھەموو زەوییەکان لەڕێگەی زۆربڕکێ (موزایەدە)ی ئاشکرا دەفرۆشرێن و پارەکەش لەڕێگەی لیژنەی تایبەتمەند بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان خەرج دەکرێت“.

ئەوەشی دووپات کردەوە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا تاوەکوو ئێستا بایی نزیکەی ٢٣ ملیار دینار زەویی ڕوکنیان فرۆشتووە: «ئەمساڵ کەمتر لە ٣ ملیار دینار زەویی ڕوکن فرۆشراوە و پڕۆسەکەش بەردەوامە، تاوەکوو کۆتایی ساڵ زۆر زیاتر دەبێت و بەدڵنیایی لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر دەبێت و پڕۆژەی زیاتریش بەھۆیانەوە جێبەجێ دەکرێن».

ڕاشی گەیاند: «پڕۆسەی فرۆشتنی ھەموو زەوییە نایابەکان بە شێوەیەکی شەفاف بەڕێوە دەچێت و بە ڤیدیۆش ھەیە و ھەڵدەگیرێت و پێشنیاریش کراوە ئەندامی داواکاری گشتیش لەنێو پڕۆسەکەدا ھەبێت».

بەپێی زانیاری، لە ساڵی ٢٠١٦دا نزیکەی ٤ ملیار دینار لە فرۆشتنی سەدان پارچە زەویی ڕوکن و نایاب دەست وەزارەتی شارەوانی کەوتووە.

پێشووتر نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی ئەوەی ڕاگەیاندبوو: ”لە ھەموو پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان دەتواندرێت زەویی ڕوکن و نایاب بفرۆشرێت و لەڕێگەی ئەم پارەیەوە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لە شارەکانی کوردستان جێبەجێ بکرێن“.

جەختیشی کردەوە، فرۆشتنی زەوییەکانی شارەوانی بەردەوامە، بەڵام بەپێی ڕێنمایی و میکانیزمەکانی خۆی جێبەجێ دەکرێت.

عەبدولحەمید مەجید، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی شارەوانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، بەپێی ڕێنمایی دارایی، پارەی ئەو زەوییە فرۆشراوانە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیە، گوتی: ”بەھۆی قەیرانی دارایی ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکرێت، حکوومەت و وەزارەتی شارەوانییش ئەگەر قەیران نەبێت حەز ناکات ئەو زەوییە نایابانە بفرۆشێت، بەڵام ناچارین ئەوە بکەین، بۆ ئەوەی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی پێ جێبەجێ بکەین“.













باسنيوز
Top